هه‌واڵ

پۆلیسی هەولێر: “عەنتەر”مان دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک ڕایدەگەیەنێت کە خۆی بە “عەنتەر” ناساندووە. تۆمەتبارەکە کەسێکی بریندارکردووە و هەڕەشەی لە چەندانی دیکەیش کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ناوی ڕاستەقینەی تۆمەتبارەکە (ا. خ. ج)ە، بەڵام ناوی لەخۆی ناوە “عەنتەر”، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٢ و بەڕەچەڵەک عەرەبە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، تۆمەتبارەکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، بەتۆمەتی بریندارکردنی هاووڵاتییەکی ئاوارەی عەرەب کە دانیشتووی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵەیەی سەربە پارێزگای هەولێرە و هاوکات هەڕەشەی لە چەندین خێزانی دیکەیش کردووە، جگە لەوەی بە چەقۆ لە دادخوازی داوە.

“دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانە، تۆمەتباری ناوبراو هەڵاتبوو بۆ پارێزگای مووسڵ و لەوێ ڕۆژانە لە ڕێگای سۆشیال میدیا بە چەک خۆی نمایش دەکرد و هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاش کۆکردنەوەی زانیاری، توانرا تۆمەتباری ناوبراو دەستگیر بکرێت”، پۆلیسی هەولێر وا دەڵێ.

تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی بڕگەی ٣١ لە ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.

“تۆمەتباری ئامەژەپێکراو، هەڕەشەی لە زیاتر لە ١٥ ماڵی عەرەبی ئاوارە کردبوو لە کۆمەڵگای کانی قڕژاڵە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبار، سەرجەم ماڵەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان”، پۆلیسی هەولێر وای گوتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button