هه‌واڵ

سی پی تی: تورکیا هێرشەکانی لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان چڕتر دەکاتەوە

زێدپرێس

 

ڕێکخراوی سی پی تی، ڕایدەگەیەنێت، تورکیا لە قوڵایی زیاتری خاکی هەرێمی کوردستاندا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدەدات و کردەوە سەربازییەکانی بۆ سەر شارەکان و ناوچە ئاوەدانەکان چڕتردەکاتەوە.

ڕاگەیەنراوەکەی سی پی تی (CPT) دوێنێ پێنجشەم ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتییەوە بڵاوکراوەتەوە.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

 

تورکیا لە قوڵایی زیاتری باشوری خاکی هەرێمی کوردستاندا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدەدات و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر شارەکان و ناوچە ئاوەدانەکان  چڕتردەکاتەوە.

لە ڕۆژی ١٨ی ئەیلوولدا، هێزی ئاسمانی تورکیا فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی بە ئامانجگرت، کە بە دووری ١٧ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

بەگوێرەی زانیاری چەند سەرچاوەیەکی فەرمی، لەم بۆردوومانەدا سێ ئەندامی هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستان و سێ ئەندامی تری هێزەکانی دژەتیرۆری ڕۆژئاڤا لەکاتی مەشقی سەربازیدا لە لایەن دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکییەوە بە ئامانجگیراون و گیانیان سپاردووە. هەرەوەها، وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لەڕێگەی بەیانێکی فەرمییەوە بەپرسیارییەتی ئەو بۆردوومانەی گرتە ئەستۆی خۆی.

ئەم بۆردوومانە پێشهاتێکی نوێیە و یەکەم جارە کە سوپای تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانییەتی باکوری ئەتڵسەی ناتۆ، بە مەبەست هێزێکی ئەمنی هەرێمی کوردستان بە ئامانجبگرێت. هەرەوەها ئەم هێرشە پشتڕاستی زیادبوونی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە پارێزگای سلێمانی دەکاتەوە کە ناوچەیەکی دوورە لەسەر سنوری نێوان عێراق – تورکیا. هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە هەست ناکەن کە چیتر ژیانیان لە سەلامەتیدایە.

هەر دوو ڕۆژ لە دوای ئەم بۆردوومانە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردوومانی ئۆتۆمبێلی دوکاندارێکیان کرد لە گوندی ئێندزێ لە قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی. ئەم هاوڵاتییە مەدەنیە، تەنیا ٥٠ مەتر لە ئۆتۆمبێلەکەیەوە دوور بوو و سەرقاڵی کارکردن بوو لە دوکانەکەیدا. لە ئەنجامی بۆردوومانەکدا هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتەوە. لەدوای بۆردوومانەکە، تیمی کوردستانی عێراقی CPT لەگەڵ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکەدا قسەیکرد و ئەو هاوڵاتییە گوتی، “وەک هەر ڕۆژێکی ئاسایی، من لە دوکانەکەی خۆمدابووم و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەی منیان کرد. جگە لە ئۆتۆمبێلەکەی من دوو ئۆتۆمبێلی تریش زیانیان بەرکەوت. تورکیا جیاوازی ناکات لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و خەڵکی چەکداردا.”.

لەمڕۆدا، کە ڕۆژی نێودەوڵەتی ئاشتییە، ئێمە وەکو تیمی کوردستانی عێراقی CPT داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمی کوردستان بپارێزن کە ٤٠ ساڵە بەبەردەوامی لە ژێر مەترسی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیادان، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن لە ئاشتیدا ژیان بگوزەرێنن.

 

٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...