دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی تایبەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق ڕەتکردەوە
ئەمڕۆ دووشەم، ٥ی ئابی ٢٠٢٤ دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی ڕەتکردەوە، کە لەلایەن هەریەک لە باسم خزعەل و مستەفا جەبار سەند ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تۆماریان کردبوو.
سکاڵاکاران داوایان کردبوو، دادگای فیدڕاڵی، حکوومەتی عێراق پابەند بکات بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە سەر خاکی عێراق، بەهۆی کۆتاییهاتنی ماوەی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەیە و هەروەها داواشیان کردبوو، ئەمریکا ناچار بکرێت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی کردەوەگەلەکانیان لەماوەی پاش کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنەکەدا، کەوتوونەتەوە. بەڵام دادگا، بەپاسای ئەوەی بابەتی سکاڵاکە لە تایبەتمەندییەکانی دادگای فیدڕاڵیدا نییە، سکاڵاکەی ڕەتکردەوە.
سکاڵاکە بەدژی هەریەک لە لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران تۆمار کرا بوو.