هه‌واڵ

بانکە پسپۆڕییەکان: شاسوار عەبدولواحید قەرزی حکوومەت بداتەوە دەیان کێشەی خەڵک چارەسەر دەکرێت

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە پسپۆڕییەكان سەربە وەزارەتی دارایی و ئابووری، شاسوار عەبدولواحید “قەرزێکی زۆر”ی حكوومەتی هەرێمی لایە و ڕایدەگەیەنێت: “ئەگەر ئەو قەرزە زۆرەی بگێڕایەتەوە كە لە سامانی گشتییە و پارەی خەڵكە، بەدڵنیاییەوە دەیان كێشەی خەڵكی پێ چارەسەر دەكرا”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمڕۆ پێنجشەم، ٦ی ئابی ٢٠٢٤، ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ ڕاپۆرتی کەناڵی نالیا بڵاوکردووەتەوە، کە خاوەنەکەی بە “قەرزدارێکی حکوومەتی هەرێم” وەسف دەکات.

خاوەنداری کەناڵەکە بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ دەگەڕێتەوە.

پێشتر کەناڵەکە بڵاویکردووەتەوە، کە حکوومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دەستی بەسەر نزیکەی ٣٧ ملیار دیناری هاووڵاتییاندا گرتووە، کە وەک مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە لێی وەرگرتوون، بەڵام پێشینەی خانووبەرەیش بەو هاووڵاتییانە نەدراوە، کەناڵەکە دەڵێ، بڕی ٢٨٥ هەزار دینار لە هەر هاووڵاتییەک وەرگیراوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە، دان بە وەرگرتنی پارەی ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان دەنێت، بەڵام بڕی پارەکە بەناڕاست لەقەڵەم دەدات. بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠١٠) لە مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرەدا، بڕی (٢٥٠ هەزار دینار) لە هەر هاووڵاتییەكی خوازیار وەرگیراوە نەك (٢٨٥ هەزار دینار) و كۆی ئەو پارەیەش بڕی (٣٧ ملیار دینار) نییە، بەڵكوو بڕی (٥ ملیار و ١٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار)ە و ئەو پارەیەش لە ٢٠ هەزار و ٧٤ هاووڵاتی وەرگیراوە، کە مامەڵەیان پێشکەشکردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە پێشینەی خانووبەرەیان بۆ خەرج بكرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە پسپۆڕییەكان هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە “تا ئێستا چەندین هاووڵاتی داوای پارەكەیان كردووەتەوە و (٢٥٠ هەزار دینار)ەكەیان وەرگرتووەتەوە” و لەو ڕوانگەیەشەوە هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە: “هەر یەكێک لەو هاووڵاتییانە سەردانی بانک بكەن و داوای ئەو (٢٥٠ هەزار دینار)ە بكاتەوە، بانكەكە بۆی دەگەڕێنێتەوە و هیچ كێشەی نییە”.

بەڕێوەبەرایەتییەکە، باسی لەوە کردووە، پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە ساڵی ٢٠٠٨ و “بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون و سوودوەرگرتنی فەرمانبەران و هاووڵاتییانی نیشتەجێی شار و شارۆچكە و گوندەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (٤٤)ی ساڵی (٢٠٠٨) پێشینەی خانووبەرە بدرێت، ئەوە بوو لە ڕێگەی (١٦) بانكی خانووبەرەوە پڕۆسەكە جێبەجێ كرا.”

“ئەو پێشینەیە لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە تاوەكوو ساڵی (٢٠١٣) بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان درا و لەو ماوەیەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (٣ ترلیۆن و ٢١٤ ملیار و ٥١٣ ملیۆن و ٤٥٨ هەزار و ٣٠٠ دینار)ی بۆ پێشینەی خانووبەرە بە هاووڵاتییان دا و (١٩٦ هەزار و ٧٢١ كەس) سوودمەند بوون لەو پڕۆسەیە”، لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە.

لەکۆتایی ڕوونکردنەوەکەشدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە پسپۆڕییەكان دەڵێ: “كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی، قەرزێكی یەكجار زۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لایە و نەیانداوەتەوە، جیا لە پارەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند و تەنانەت زۆر لە كارمەندانی كەناڵەكەش كە مووچەیان خوراوە”. زیاتر دەڵێ: “خۆ ئەگەر سەرۆكی ئەو حزبەی خاوەنداریی كەناڵی (نالیا) دەكات، كەسێكی سەرڕاست بووایە و بەڕاستی لە خەمی مافی خەڵكدا بووایە، با ئەو قەرزە زۆرەی حكوومەتی هەرێمی بگێڕایەتەوە كە لە سامانی گشتییە و پارەی خەڵكە، بەدڵنیاییەوە دەیان كێشەی خەڵكی پێ چارەسەر دەكرا”.

 

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

ڕوونكردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە پسپۆڕییەكانەوە

ڕۆژی (٦\٨\٢٠٢٤) ماڵپەڕی كەناڵی (نالیا)ی سەر بە خاوەنێكی قەرزداری حكوومەتی هەرێم، هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی گوایە (حکوومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە دەستی بەسەر نزیکەی ٣٧ ملیار دیناری هاووڵاتییاندا گرتووە کە وەک پارەی مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە لە هاووڵاتییان وەرگیراوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک بدرێتە هاووڵاتییان!) نووسیویەتی گوایە: (پێش وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە هەر هاووڵاتییەک كە مامەڵەی كردووە، بڕی ٢٨٥ هەزار دیناری وەک بارمتە لێ وەرگیراوە، بەڵام لە ٢٠١٤ بە بیانووی شەڕی داعش پێشینە وەستاوە و ئێستا حكوومەتی هەرێم نە پێشینەكە دەدات و نە ٢٨٥ هەزار دینارەكە دەگێڕیتەوە بۆ هاووڵاتییان!).

 

بۆ بەرچاوڕوونیی هاووڵاتییانی خۆشەویست و پووچەڵكردنەوەی ئەو چەواشەكارییە، بە گرنگی دەزانین سەرەتا ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕوون بكەینەوە و ئینجا وەڵامێكی (نالیا)ش بدەینەوە:

 

١- پاڵپشت بە هەردوو بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (١٠٤٥٢) و (١١٠٠٢) لە (١٠\٩\٢٠٠٨) و ٨\١٠\٢٠٠٨) بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون و سوودوەرگرتنی فەرمانبەران و هاووڵاتییانی نیشتەجێی شار و شارۆچكە و گوندەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (٤٤)ی ساڵی (٢٠٠٨) پێشینەی خانووبەرە بدرێت، ئەوە بوو لە ڕێگەی (١٦) بانكی خانووبەرەوە پڕۆسەكە جێبەجێ كرا. بۆ زانیاریی هەموو لایەک ئەو پێشینەیە لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە تاوەكوو ساڵی (٢٠١٣) بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان درا و لەو ماوەیەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (٣ ترلیۆن و ٢١٤ ملیار و ٥١٣ ملیۆن و ٤٥٨ هەزار و ٣٠٠ دینار)ی بۆ پێشینەی خانووبەرە بە هاووڵاتییان دا و (١٩٦ هەزار و ٧٢١ كەس) سوودمەند بوون لەو پڕۆسەیە.

 

٢- پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠١٠) كە هاوپێچە لەگەڵ ئەم ڕوونكردنەوەیەدا، لە مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرەدا، لە هەر هاووڵاتییەكی خوازیار، بڕی (٢٥٠ هەزار دینار) وەرگیراوە نەك (٢٨٥ هەزار دینار) وەك كەناڵی (نالیا) لە هەواڵەكەیدا نووسیویەتی! ئەو (٢٥٠ هەزار دینارە)ش وەک خەرجییە كارگیڕییەكان (المصاریف الاداریه) بەرانبەر بە (كرێی لێژنە، پشكنین، چاپەمەنی، گواستنەوە، رووپێو، شارەزا) كۆی ئەو پارەیەش بڕی (٣٧ ملیار دینار!) نیە وەک كەناڵی (نالیا) نووسیویەتی، بەڵكوو ڕاستییەكەی بڕی (٥ ملیار و ١٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار)ە و لە (٢٠٠٧٤) هاووڵاتی وەرگیراوە كە مامەڵەیان پێشكەش كردووە و پشكنینی موڵكیان بۆ كراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە پێشینەی خانووبەرەیان بۆ خەرج بكرێت، ئاگاداری هەموو لایەكیش دەكەینەوە كە هەر یەكێک لەو هاووڵاتییانە سەردانی بانک بكەن و داوای ئەو (٢٥٠ هەزار دینار)ە بكاتەوە، بانكەكە بۆی دەگەڕێنێتەوە و هیچ كێشەی نییە، هەر بۆ زانیاریی هەموو لایەک تا ئێستا چەندین هاووڵاتی داوای پارەكەیان كردووەتەوە و (٢٥٠ هەزار دینار)ەكەیان وەرگرتووەتەوە.

 

٣- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری، زیاتر لە ترلیۆنێك دیناری وەك قەرزی كشتوكاڵ و قەرزی بوارەكانی تر بەخشیوە بە قەرزخوازان، ئەوەشی بە ئەركی سەرشانی خۆی زانیوە لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان لە هەموو رووێكەوە، لە سۆنگەی ڕەچاوكردنی دۆخی ئابووریی خەڵكیشەوە، هیچ جۆرە فشارێكی لەسەر هاووڵاتییان دروست نەكردووە.

 

لە كۆتاییشدا بە پێویستی دەزانین، وەبیر كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی بهێنینەوە، لەم كاتەدا كە ئەو هەواڵە! بڵاوكراوەتەوە، كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی، قەرزێكی یەكجار زۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لایە و نەیانداوەتەوە، جیا لە پارەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند و تەنانەت زۆر لە كارمەندانی كەناڵەكەش كە مووچەیان خوراوە. خۆ ئەگەر سەرۆكی ئەو حزبەی خاوەنداریی كەناڵی (نالیا) دەكات، كەسێكی سەرڕاست بووایە و بەڕاستی لە خەمی مافی خەڵكدا بووایە، با ئەو قەرزە زۆرەی حكوومەتی هەرێمی بگێڕایەتەوە كە لە سامانی گشتییە و پارەی خەڵكە، بەدڵنیاییەوە دەیان كێشەی خەڵكی پێ چارەسەر دەكرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...