هه‌واڵ

فەرمانی گرتن بۆ قاسم شەشۆ دەرکرا

دادگای نەینەوا بەتۆمەتی سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ قاسم شەشۆ دەرکرد.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٨ی ئابی ٢٠٢٤، دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا بەتۆمەتی سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام و دنەدان بۆ پێکدادانی نێوان ئایینەکان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ قاسم شەشۆ فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال دەرکرد.

فەرمانەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا، پاش ئەوە دێت، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قاسم شەشۆ گوتبووی “تا محەمەد هەیە، فەرمان ل سەر مە خلاس نابن” و ئەوەش ناڕەزایەتی موسڵمامان و نوێنەرایەتییەکانی ئایینی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێنا.

دواتر قاسم شەشۆ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر دەربڕینەکەی دا و ڕایگەیاند، مەبەستی لە سووکایەتی بە ئیسلام و پێغەمبەرەکەی نەبووە، بەڵکوو قسەکەی ڕوو لەو توندڕۆیانە بووە کە ئیستغلالی ئایینی ئیسلامیان کردووە و ئێزدییەکانیان جینۆساید کردووە.

هەر بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانییەی بەرانبەر بە قسەکەی شەشۆ دروستبووە، کەسایەتییە ئایینییەکانی ئێزدی، ڕوونکردنەوەیان دا و جەختیان لەسەر ڕێزگرتنی ئایینی ئیسلام و موسڵمانان کردەوە.

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠٢٤، دە ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەسەردەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) تێپەڕ بوو، کە تیایدا هەزاران هاووڵاتی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران، هەزارانیان لە ژن و منداڵ وەک بەدیل گیران و وەک کۆیلەی سێکسی کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرا و سەدان هەزاریش ئاوارە بوون، کە ژمارەیەکی کەمیان نەبێت، تا ئێستا ئەوانی دی نەیانتوانیوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێنەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...