هه‌واڵ

بەکوردیکردنی تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان دەستی پێکرد

زێدپرێس-هەولێر

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕای دەگەیەنێت، زمانی سەرەكیی هەر شوێنێكی بازرگانی لە هەرێمی كوردستاندا كوردی نەبێت، ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر و لەو چوارچێوەیەشدا، ١٣٠ شوێنی بازرگانی سزادراون.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، نووسراوی فەرمیی بۆ دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانیی هەموو وەزارەت كردووە، ڕێوشوێنی یاسایی بگرنە بەر بۆ پابەندبوون بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت ژمارە ٥٠٦ی ڕێککەوتی ٢١ی ئازاری ٢٠٢٣، کە تایبەتە بە بەکارهێنانی زمانی کوردی لەسەرجەم ناوەند و شوێنە بازرگانییەکاندا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی شارەوانی، هەموو فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاستەوخۆ پاش ئەو بڕیارە، ڕێوشوێنی یاسایییان بە پشتبەستن بە یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان/ عێراق ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٤ گرتووەتە بەر، هەر وەك چۆن لە نووسراوەكەی وەزیری شارەوانیشدا ئاماژەی پێ كراوە، كە دەبێت نووسینی تابلۆ بە كوردی لە سەرجەم دامەزراوە حكوومی و ناحكوومییەكاندا هەبێت، هەروەها لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و ڕیستۆرانتەكاندا دەبێت گرینگی بە زمانی كوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنمایییەكان بە زمانی كوردییش هەبن.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، تەنیا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، زیاتر لە ٦٠٠ شوێنی بازرگانی كە بەهۆی پابەندنەبوونیانەوە ئاگەدار كراونەتەوە و پاش وەرگرتنی ماوەیەكی مۆڵەت بۆ ئەوەی تابلۆكانیان بكەنە كوردی، زۆربەیان چاكیان كردووە و نزیكی ١٣٠ شوێنیش بەهۆی پابەندنەبوونەوە ڕێوشوێنی یاساییان لەگەڵدا گیراوەتە بەر.

وەزارەتی شاروانی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم كارە لەسەر ئاستی هەموو شارەوانییەكانی تری كوردستان دەكرێت و پرۆسەكە بەردەوامە. هەروەها شوێنە گەشتیارییەكان و چێشتخانە و هۆتێلەكان، پابەند كراون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button