هه‌واڵ

لە هەولێر دەست بەسەر ١٧ هەزار ڤیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی گیرا

تیمی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیی هەولێر لە هەڵمەتێکدا دەستیان بەسەر ١٧ هەزار ڤیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی لە ناوەندی شاری هەولێردا گرت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ شەممە، ١٠ی ئابی ٢٠٢٤ بڵاویکردەوە، بە بەهاوکاری لێژنەی قایمقامیەتی قەزایی ناوەندی هەولێر، سەردانی ژمارەیەک دوکان، کۆگا، مارکێت و شیرنەمەنییان کردووە، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی کەلوپەلی قەدەغە و بەسەرچوو.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، چوار شوێنیان داخستووە و دەستیشیان بەسەر نزیکەی ١٧ هەزار دانە ڤیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنیدا گرتووە، جگە لە دەستگرتن بەسەر نزیکەی حەوت هەزار تامی نێرگەلە و ٧٥ تامی ڤیپ.

لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا، نەبەز عەبدولواحید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڤیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی لە شارەکە ڕاگەیاند و گوتیشی وێڕای دەستگرتن بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە ڤیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی، لە دەستپێکی هەڵمەتەکەدا نۆ شوێنیان داخستووە.

پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر قەدەغەکردنی فرۆشتن و بەکارهێنانی ڤیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی دەرکردووە. ماوە ماوە حکوومەتە خۆجێییەکان دەستپێکردنی هەڵمەتی قەدەغەکردن و دەستبەسەرداگرتنی ڤیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی بەتایبەت لەناوەندی هەولێر ڕادەگەیەنن، بەڵام وەک دەردەکەوێت، بازرگانیکردن بە ڤیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی بەردەوامە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...