هه‌واڵ

جێگری پارێزگاری هەولێر: کۆتایی بە پڕۆسەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان نەهاتووە

جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی لێپرسینەوە و پشكنین و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بەردەوامە و كۆتایی نەهاتووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زاری هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: “پڕۆسەی لێپرسینەوە و پشكنین و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بەردەوامە و كۆتایی نەهاتووە، ئێستا لە ڕێگەی گوێڕ ڕێوشوێنی توند بەرانبەر پاڵاوگە نایاساییەكان گیراوەتە بەر”.

گوتیشی: “پڕۆسەكە تاكوو كۆتایی بەردەوام دەبێت؛ دوابەدوای كۆتاییهاتنی پڕۆسەكەش، بە زانیاریی ورد و ڕاپۆرتی تایبەت، تەواوی زانیارییەكان بۆ ڕای گشتی و میدیاكان دەخەینە ڕوو”.

ئەو لێدوانەی جێگری پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوە دێت، لە ٤ی ئابی ٢٠٢٤، ئومێد خۆشناو پارێزگاری شارەکە، بڕیاری داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنوری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی خۆجێی هەولێر، ڕۆژێک دوای بڕیارەکە ٢٥ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر داخران و پڕۆسەكەش بەردەوامە.

لەماوەی نزیکەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا، لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکوومەتی خۆجێی هەولێر، چەندین بڕیار بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دەرکراون و دەیان جاریش هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لە سنورەکە ڕاگەیەندراوە، بەڵام نە بڕیارەکان جێبەجێ کراون و نە لە واقیعیشدا پاڵاوگە نایاساییەکان داخراون.

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە پێچەوانەی بڕیار و لێدوانەکەی پێشووتری، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، “پاڵاوگەکان سەرچاوەی ژیانی بەشێکی خەڵکن، بەرهەمەکەیان سووتەمەنییە و پێویستی ژیانە”. پارێزگاری هەولێر هەر لە درێژەی لێدوانەکەیدا، گوتی: “دەبێت شێوەیەک بدۆزینەوە بۆ کارکردنیان لە دەرەوەی شار، چونکە دەرفەتی کارە و سووتەمەنییەکەش پێویستیی هاووڵاتییانە، لە پلاندایە و کاری بۆ دەکرێت لە دەرەوەی شارەکان زەوییان بۆ دابینبکرێت“. ئەوەش وەک پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لێکدرایەوە.

پێشتر زێدپرێس لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا، ئەستەمبوونی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی ڕوونکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی پاڵاوگە نایاساییەکان هەم بەشداری دەکەن لە دابینکردنی بەرهەمەکانی سووتەمەنی و هەم ساخکردنەوەی بەشێک لە نەوتی خاو و پاشماوەکانی نەوتی لە زنجیرەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...