هه‌واڵ

عەنكاوە و شارێكی ئەمریكا دەبنە دەستەخوشك

عەنكاوە و شاری ستێرلینگی هایتسی ئەمریكا دەبنە دەستەخوشك و كاری پێكەوەیی دەكەن. قایمقامی قەزای عەنكاوە ڕایدەگەیەنێت، چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت، لەوانە ناردنی فەرمانبەرانی حکوومەت بۆ ڕا‌هێنان لە ئەمریکا لەبارەی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی مۆدێرن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕامی نووری قایمقامی قەزای عەنکاوە ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی شارەوانی شاری ستێرلینگ هایتس لە ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی لەگەڵ عەنکاوە ببن بە دەستەخوشک.

قایمقامی عەنکاوە ئاماژەی بەوە كرد، ئەم دەستپێشخەرییە لە لایەن دامەزراوەی ڕەوەندی کلدانی لە ئەمریکا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ پێشکەش کرا و پێکەوە کاریان لەسەر کردووە و ڕەزامەندی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێریان وەرگرتووە.

روونی كردەوە، لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن و ئیدارەی شارە ئەمریکییەکە بەشێوەی ئۆنلاین کۆبوونەوەی هەفتانەیان هەبووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەنگاوەکانی ئەو پڕۆسەیە و هەموو ئەو خاڵە پێویستانەی هەبوون، هەردوولا ڕوونیان کردووەتەوە و تێگەیشتنی هاوبەش لەبارەیەوە دروست بووە.

لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە، ڕامی نووری قایمقامی عەنکاوە دەڵێت: “چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت، لەوانە ناردنی فەرمانبەرانی حکوومەت بۆ ڕا‌هێنان لە ئەمریکا لەبارەی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی مۆدێرن، هەروەها لە بڕگەی دووەمی ڕێککەوتننامەکە باس لە ناردنی گەنجانی عەنکاوە دەکات بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی ئاشنایی لەگەڵ فەرهەنگ و شێوازی ژیانی ئەو وڵاتە پەیدا بکەن و لە ڕووی سەرکردایەتی و کاری پێکەوەییەوە ئامادە بکرێن بۆ داهاتوو”.

هەروەها لە ڕووی ئاڵوگۆڕی کەلتووریی و ڕۆشنبیرییەوە “هەردوولا پەیوەندییەکانیان بەهێز دەکەن و سەردان و بەشداری لە چالاکییەکانی یەکتر دەکەن بۆ دروستکردنی ئاشنایەتی لەبارەی مێژووی ناوچەکە و ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئەنجوومەنی شارەکە سەرسامی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕیوە”، قایمقامی عەنکاوە وای گوت.

 

ئا: زریان تەها

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button