هه‌واڵ

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی تیمی هەرێم و عێراق ئاشکرا دەکرێت

زێدپرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەم ٦ی ئابی ٢٠٢٣، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی هەردوو تیمی حکوومەتی هەرێم و عێراقی خستەڕوو، کە دوێنێ شەمە ٥ی ئابی ٢٠٢٣، لە بەغدا کۆبوونەوە.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕای گەیاند، ڕۆژی شەمە رێککەوتی ٥ی ئابی ٢٠٢٣، وەک شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی پڕۆژە یاسای نەوت گاز سەردانی شاری بەغدایان کرد و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە ئەنجامدا، و لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە هاوبەشی ئەم ڕاگەیەندراوەیان بڵاوکردەوە:

لەسەر بنەمای پاکێجی چاکسازییە یاساییەکان کە لەلایەن کارنامەی حکومەتەوە پێشکەشکراون، بەتایبەتی ئەوەی لە تەوەرەی بیست و سێیەمدا باسکراوە سەبارەت بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز و لەسەر بنەمای فەرمانی بەڕێز سەرۆک وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سودانی بۆ خێراکردنی تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە و بە بەشداریکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم پڕۆژە نیشتمانییە ستراتیژییەدا.
کۆبوونەوەکە لە رێکەوتی 5/8/2023 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆک وەزیران (وەزیری دەرەوە – وەزیری نەوت) و شاندی هەرێم و پارێزگارانی پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوت و ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیران و ستافی وەزارەتی نەوت بەڕێوەچوو
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی و ئامانجەکانی ئەم یاسایە و پێویستی تەواوکردنی بە زووترین کات و بە بەشداری هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرانی نەوت و نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆک وەزیران کرا و کەشی کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی و پەرۆشی هەموو لایەنەکان بوو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە چونکە بەشێکە لە پابەندبوونی بەرنامەی وەزارەتی کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دراوە
هەروەها وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکی بۆ وەبەرهێنانی سامانی نەوت و گاز لە باشترین کردارە نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق مسۆگەر بکات

 

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیازانەی خوارەوە کرا:

1- پێکهێنانی لیژنەکان بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە و ڕێکخستنی کۆبوونەوەکانی دواتر

2- نووسراوێکی کارکردن لە ڕێگەی لیژنەکان پێشکەش دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینەی کە لەلایەن وەزارەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانەوە پێشکەشکراوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوون و گفتوگۆکانی پێشوو کە لە ڕێگەی ئەم لیژنانەوە دیراسەتی لەسەر دەکرێت بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی کۆتایی یاسای نەوت و گاز.

داوای سەرکەوتن لە خودای گەورە دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە کە خزمەت بە وڵاتە ئازیزەکەمان و هەموو گەلی عێراق دەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...