هه‌واڵ

ناوەڕۆکی نامەیەکی مەسرور بارزانی بۆ جۆ بایدن ئاشکرا دەکرێت

زێدپرێس

 

ئەلمۆنیتۆر بەشێک لە ناوەڕۆکی نامەیەک ئاشکرا دەکات، کە چەند ڕۆژ لەومەبەر لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمەوە بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕەوانە کراوە.

 

بەپێی ئەلمۆنیتۆر، مەسرور بارزانی لە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، نامەیەکی بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و نامەکە یەکشەمی ڕابردوو گەیەنراوەتە کۆشکی سپی.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە نامەکەیدا، داوای پاڵپشتی ئەمریکا دەکات و دەڵێ “ئێستا ئەو نامەیەت بۆ دەنووسم دیسان لە ساتەوەختێکی چارەنوسسازی مێژووماندا، دۆخێک، کە دەترسم لەوانەیە زەحمەتیمان هەبێ بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ ببین. ئێمە لەڕووی ئابوورییەوە خوێنمان لێ دەتکێ و لەڕووی سیاسیشەوە بە سەختی بریندارین”.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، نووسیویەتی “بۆ یەکەم جار لەوەتەی سەرۆکوەزیرانم، نیگەرانییەکی قوڵ دایگرتووم کە ئەو هەڵمەتە ناشەرافەتمەندانەیەی لەدژمان بەڕێوەدەچێت لەوانەیە ببێتە هۆکاری ڕوخانی ئەو مۆدێلە فیدراڵیەی عێراق کە ئەمریکا لە ٢٠٠٣ سپۆنسەری کرد و لەوکاتەوە لەپشتیەوە وەستاوە”.

“بڕوامان وایە ئیدارەکەت هێشتا گەورەی بەسەر بەغداوە هەیە،” بارزانی لە باسی تواناکانی واشنتن بۆ دامرکاندنەوەی قەیرانەکە گوتی.
داواکاری بەهاناوەچوونەکە لە گەرمەی گرژییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر دابەشکردنەکانی بودجە، فرۆشی نەوت و ناوچە جێناکۆکەکان، هاتووە. بارزانی لە دانیشتنێکی ڕۆژی دووشەم لە هەولێر، لەگەڵ باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق، ئالینا ڕۆمانۆڤسکی، جەختی لە داواکارییەکانی کردەوە بۆ دەستێوەردانی زیاتری ویلایەتە یەکگرتووەکان تاوەکوو یارمەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بدەن. وەک ئەوەی ڕاپۆرتەکەی ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بۆ کردووە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕەتی کردووەتەوە لێدوان لەسەر نامەکە بدات. بەرپرسێکی کۆشکی سپی لەسەر بابەتەکە گوتی، “ئێمە لێدوان لەسەر دانوستانە دیبلۆماسییە تایبەتەکان نادەین.” تاوەکوو ئێستا کۆشکی سپی بە فەرمی وەڵامی نامەکەی بارزانی نەداوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...