تڕەمپ؛ ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەری وەهمی و بندیوار لە حکومەتی ئەمریکادا هەن

وتەکانی تڕەمپ لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بوو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا، ئمانوێڵ ماکرۆن، لە وانشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا لە ڕۆژی سێشەم، ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥.
دوای ئەوەی ڕۆژنامەوانێک پرسیاری ئاڕاستەی تڕەمپ کرد ئاخۆ ناردنی ئیمەیڵ بۆ کارمەندانی حکومی سەبارەت بە نووسینی پێنج خاڵ کە لە هەفتەیەکدا چ کارێکیان ئەنجامداوە هیچ سوودێکی هەیە؟
لە وەڵامدا تڕەمپ گوتی، “من پێموایە ئەمە شتێکی باش و ژیرانە بوو، چونکە خەڵکمان هەیە کە ئامادەییان لە کارکردندا نییە [فەرمانبەری وەهمین] و کەسیش نازانێت ئاخۆ ئەوانە هەر کار بۆ حکومەت دەکەن.”
“ئاڕاستەکردنی ئەو پرسیارەی ئاخۆ ئەم هەفتەیە چیت کردووە، مانای وایە ئاخۆ کارمەندەکە لە کاردا حزوری هەبووە… ژمارەیەکی زۆر کەس جواب نادەنەوە چونکە ئەوانە بوونیان نییە یاخود کارناکەن [بندیوارن].”
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی کە تاکو ئێستا “سەدان ملیار دۆلار”یان گەڕاندۆتەوە کە بەهەدەر دراوە.
هەروەها گوتیشی کە گرووپی کابینەی پێشوو چەندین بەشی حکومەتیان بە “خراپی” بەڕێوە بردووە، بەڵام ئەم کابینەیە دەیەوێت بزانن کێ کارمەندی حکومەتە و مووچە دەدرێت بەکێ، یاخود مووچە دەدەن بە کەسانێک کە بۆ حکومەت هەر کارناکەن؟
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی کە بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکی هارڤارد، ئەو کارەی کردوومانە خەڵک زۆر بەدڵی بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو ئیلۆن مەسک ئیمەیڵێکی بۆ ملیۆنان کارمەندی حکومی نارد و داوای لێکردن کە پوختەی کارەکانی هەفتەی ڕابردوویان لە پێنج خاڵکدا بنووسن. ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و هەندێک وەزارەت پێیان وابوو کە لەوانەیە وەڵامەکان لەلایەن “لایەنە دەرەکییە خراپەکانەوە” بخوێندرێنەوە.
زاراوەی “وەهمی” و “بندیوار” لە هەرێمی کوردستان و عێراق باون و بەو فەرمانبەرانە دەگوترێت کە هەر بوونیان نییە یاخود کارناکەن، بەڵام مووچەی کەرتی گشتییان لەلایەن حکومەتەوە بۆ بڕاوەتەوە دوای ئەوەی لەلایەن باڵا دەستەکانەوە پاڵپشتی کراون.
ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە لە چانێڵی فۆکس نیوز لە یوتوب بڵاوکراوەتەوە:
کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ترەمپ
ئا: محەمەد عەبدوڵا