ههواڵ
پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتە چوار گەڕەکی دیکەی هەولێر

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای نیشتمانی ٢٤ کاتژمێری بۆ چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر دابین دەکرێت.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ شەموو ٨ی ئاداری ٢٠٢٥ ڕایگەیاند، ئەو چوار گەڕەکە نوێیەی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین دەکرێت پێکدێن لە گەڕەکەکانی (زانیاری، تەعجیل، عەرەبان و منارە) کە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ هاوبەشی کارەبایان لەخۆگرتووە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە پێشتر ١٧ گەڕەک بە ٦٥ هەزار هاوبەش سوومەند بوونە لە پڕۆژەکە، کە پێکهاتوون لە (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین).
بەو شێوەیەش بەکۆی گشتی لەسەر ئاستی هەولێر، تا ئێستا ٢١ گەڕەک و ٧٧ هەزار و ٥٠٠ هاوبەشی کارەبا و نزیکەی ٢٥٦ هەزار هاوڵاتی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوونە.