ههواڵ
مەزڵووم عەبدی داوای بەرگرتن لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

مەزڵووم فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سوریاى دیموکرات-هەسەدە داوا لە حکوومەتی کاتیی سووریا دەکات لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت.
مەزڵووم عەبدی لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، سەرەخۆشی لەو خێزانە دەکات کە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە گوندێکی سەربە کۆبانی کۆمەڵکوژکران و دایک و باوک و حەوت منداڵیان شەهید بوون.
فەرماندەی هەسەدە، ئاماژەی دا، بۆردمانکردنی خەڵکی مەدەنی و کوشتنی منداڵ تاوانی دژە مرۆییە و پێویستە حکوومەتی کاتیی سووریا بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت لەبەرانبەر ئەو تاوانانەی دەوڵەتێکی دیکە بەرانبەر بە هاووڵاتییانی وڵاتەکە ئەنجامی دەدات.
عەبدی، هەر لەو پەیامەیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە ڕاگرتنی ئەو تاوانانەی تورکیا بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان دەیکات.