گرێبەستی نێوان “بانکی بازرگانیی عێراق” و “هەژماری من” کێشەی تێکەوت

گرێبەستی نێوان بانکی بازرگانی عێراق و پڕۆژەیەکی حکومەتی هەریمی کوردستان بە ناوی “هەژماری من” بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کێشەی تێکەوتووە و حکوومەتی هەرێمیش هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی دەکات.
عەزیز ئەحمەد، جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆكایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە سەرپەرشتی پڕۆژەی هەژمارەی من لە نووسینگەی پڕۆژە تایبەتەکانی سەرۆکایەتی حکوومەت دەکات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” ناوەڕۆکی کێشەکەی ڕاگەیاند.
عەزیز ئەحمەد بانکەکەی بەوە تۆمەتبارکردووە کە نەیتوانیووە ئامێری پارەدانی ئەلەكترۆنی (ئەی تی ئێم) دابنێت و كارتی بانكیی فەرمانبەران چاپ بکات.
” ئێمە بە قوڵی نیگەرانین لە دواکەوتنی بانکی بازرگانی عێراق لە دانانی ئامێرەکانی پارەدان لە هەرێمی کوردستان… ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکی بانکەکە بەڵێنی داوە (100) ئامێری نوێ بۆ پڕۆژەی هەژماری [لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا] دابنێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە “سەرەڕای زیاتر لە ٤٠ هەزار داواکاری، تاکو ئێستا بانکەکە داواکاری بۆ کڕینی هیچ ئامێرێکی پارەدانی ئەلیکتڕۆنی پێشکەش نەکردووە. هەروەها چاپکردنی کارتەکانیش بۆ مووچەخۆران دواکەوتووە کە بە چەندین مانگە بە پەرۆشەوە چاوەڕێن.”
ئەو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێم دەڵێت داواکاران چاوەڕێی خزمەتگوزاری زیاتر لەو بانکەی عێراق دەکەن کە بە حیساب وەکوو باشترین بانکێکی حکوومەتی عێراق ناسراوە.
ڕاشیگەیاند کە حکوومەتی هەرێم “داوایەکی ڕەسمی” لە دژی بانکەکە ئاڕاستەی بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تیمی “هەژماری من” لە حکوومەتی هەرێم و بانکی بازرگانی عێراق لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد و بانکەکە بەفەرمی بەشداری لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا ڕاگەیاند.
پڕۆژەی هەژماری من مشتومڕی زۆری لە ناوخۆی هەرێم و لەسەر ئاستی عێراقیش لەسەرە. چەندین جار بەرپرسانی هەرێم ڕایانگەیاندووە کە ئەو بانکانەی لە پڕۆژەکەدا بەشدارن باوەڕپێکراون و دەبێت خاوەن ستانداردی ئاست بەرزن.
دروستبوونی ئەم کێشەیە و چاوەڕوانیکردنی بەوەی کێشەکە لە بەغدا یەکلایی بکرێتەوە هێندەی تر پرسیار لەسەر متمانەپێکردن و تۆکمەیی پڕۆژەکە دروست دەکات، بەتایبەتی لەلایەن مووچەخۆرانی هەرێمەوە.
محەمەد عەبدوڵا