د. نەرمین مەعرووف: حکوومەتی عێراق پارەی کاشی نییە بۆ خەرجکردنی مووچە

د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، “هۆکاری دواکەوتنی مووچە کەمی پارەی کاشە”.
د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە: “بەپێی بەدواداچوونەکانمان بەهۆی کەمی پارەی کاش لەبەردەستی حکوومەتی عیراقدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەشێکی فەرمانبەرانی حکوومەتی فیدڕاڵیش لە کاتی خۆیدا مووچەیان وەرنەگرتووە”.
ئەو لێدوانەی ئەندامەکەی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتێکدا دێت کە تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، سەرجەم ڕێکارەکانی تایبەت بە ئامادەکردنی لیستی مووچە لەلایەن ئەوانەوە تەواوکراوە و ئەوەی ماوەتەوە لەسەر بەغدایە.
د. نەرمین مەعرووف دەڵێ: “دواکەوتنەکە پەیوەندی بە پڕۆسەی بەدینارکردنی ئەو داهاتەشەوە هەیە، کە لە فرۆشتنی نەوت دەست دەکەوێت، چونکە پڕۆسەکە خاوبووەتەوە بەهۆی ئەو ڕێکارانەی گیراوەتە بەر لە فرۆشتنی دۆلار بە بازرگانەکان و هاوردەکاران و گەشتیاران”.
ئاماژەی بەوەشدا: “پێداویستییەکانی خەرجی حکوومەت ڕۆژ بەڕۆژ لەزیادبووندایە و ئەمەش وایکردووە لە هەندێک لە مانگەکاندا کەمی پارەی کاش دروست ببێت، دواکەوتنەکە پەیوەندی بە کێشە و قەیرانی ئابوورییەوە نییە”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد: “لێرە بە دواوە کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوتی خاو لەسەر داهاتی فرۆشتنی نەوت ڕەنگە دروستببێت، چونکە مانگی ڕابردوو نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزیبوو، بەڵام عیراق پێشوەختە بۆ فرۆشتنی نەوت لەگەڵ کڕیارەکانیدا ڕێککەوتن دەکات، واتا گرێبەستی پێشوەختەی هەیە و بەپێی نرخە کۆنەکان نەوت فرۆشراوە، لەبەرئەوە هێشتا داهات لە عیراقدا کەمی نەکردووە”.