کۆمەڵی دادگەری: حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بەپلەی یەکەم لە کێشەی مووچە بەرپرسە

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی كۆمەڵی دادگەری كوردستان:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەداخەوە کێشە و ناتەباییەکانی هەرێم و بەغداد لەسەر هەندێ پرسی بەبنبەست گەیشتوو زۆر جار هاەوڵاتییانی بەشمەینەتی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن، مووچەی فەرمانبەرانیش کە قووتی خەڵکە ناکرێ بکرێتە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردن و قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان و لێدوانی نابەرپرسانەی هەندێک کەسی دەسەڵاتدار.
ئێمە لە کۆمەڵی دادگەری، دەخوازین بەرپرسانی بەغداد مووچە وەک فشاری سیاسی بەکار نەهێنن بۆ دەستشکانەوەی بەرپرسانی هەرێم لەسەر حسابی هاووڵاتی.
لە بەرەجەژنان و ڕۆژە پیرۆزەکانی نۆمینەی حاجییان دەبوو هاووڵاتییان دڵخۆش بکرێن تا بە خۆشحاڵییەوە بەرەو جەژن بڕۆن، بەڵام بەداخەوە جارێکی دی هاووڵاتیان دەبێ باجی هەڵەی بەرپرسانی هەردوولا بدەن و بە گیرفانی خاڵی جەژن بەڕێ بکەن.
لەکاتێکدا لای هەمووان ڕوونە کە بابەتی مووچە کراوەتە چەکی ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداد و هاووڵاتییانی هەرێمی پێوە گیرۆدە کراوە، ئۆباڵی کێشەکەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، بەڵام بێگومان حکومەتی فدراڵیش بەشێکی تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆ، بەو پێیەی مووچە وەک کارتی سیاسی بەکار دەهێنێت و دەشزانێت کە خەڵک باجەکەی دەدەن.
ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
٢٠٢٥/٥/٢٩