هه‌واڵ

ڕێباز حەملان: وەزیری دارایی عێراق داردەستێکی سیاسییە

ڕێباز حەملان بریکاری دەستلەکارکێشاوەی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەزیری دارایی عێراق داردەستێکی سیاسییە و محەمەد شیاع سوودانی و (چوارچێوەی هەماهەنگی) و دەوروبەر بۆ مەرامی سیاسی بانگەشەی هەڵبژاردن و فشاركردن لەسەر گەشەسەندن و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بەكاریدەهێنن هەركات بیانەوێت.

 

حەملان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک زیاتر گوتی: لیستی مووچەی مانگی ئایاری ٢٠٢٥ هیچ كێشەیەكی یاسایی و ئیداری و دارایی نییە و بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق سەدا سەد سیاسییە و دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، ڕێز نەگرتنی دەستوور و یاسای بودجە و بڕیاری ژمارە (٢٢٤)ی دادگای فیدڕاڵییە، كە حكوومەتی عێراق پابەند دەكات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دەركردنی لە كێشە و ململانێكان.

 

ڕێباز حەملان دەشڵێ: سەرەڕای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پشكی هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك لەلایەن بەغدادەوە بەتەواوی خەرجنەكراوە و تەنها مووچەیان خەرجكردووە نەك پشكی هەرێم، بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بەس بۆ مووچە بری (١١ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) بۆ هەرێم دانراوە و ڕێككەوتنی لەسەركراوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا تەنیا (٣ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار) دینار بۆ مووچەی هەرێم خەرجكراوە.

 

پێداگیری لەوەش دەکات کە “ئەوەی ئێستا لە بەغدادەوە دەكرێت ڕاستەوخۆ دژ بە مووچەخۆران و فەرمانبەران و هاووڵاتییانی كوردستانە، ئەمە بەشێكە لە فشارە بەردەوامەكانی بەغداد بۆسەر هاووڵاتییان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.”

 

“بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم فشارانە ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و پێکەوەبوونە لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی خۆمان بێینە دەنگ، ڕەنگی حزبی و بەرگی ناکۆکی بخەینە لاوە؛ پێویستە وەزیرە کوردەکان لە بەغداد هەڵوێستی کوردانەیان هەبێت ناوەندەكانی بڕیار و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەنە مەیدانی بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران و هاووڵاتییان بە دەنگی بەرز داواکاری گەلەکەیان بگەیەنن، ئەگەر ئەوەشیان پێ ناکرێ، قووت و ژیانی خەڵکی کوردستان زۆر لە پۆست و پلە و پایە گەورەترە”، ڕێباز حەملان وا دەڵێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button