هه‌واڵ

حەوت لایەنی ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

حەوت حزب و لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن: هەموو ئاماژە و قەیرانەکان ئەوە نیشان دەدەن چیتر حكومڕانیی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بەو شێوازەی تا ئێستا، بەردەوام بێت.

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٥، نوێنەرانی حەوت حزب و لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە و دواتر ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکەیان لەپێناو داکۆکیکردن لە ماف و گوزەرانی هاووڵاتییان بووە و دەڵێن: “هەموو ئاماژە و قەیرانە هەنووكەییەكان ئەوە نیشان دەدەن، چیتر حكومڕانی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بەم مۆدێلە لە حوكمڕانی بەردەوام بێت”.

 

ئەو حزب و لایەنانە جەخت دەکەنەوە: “ئەم مۆدێلەی حكومڕانی وایكردووە لە ئاستی ناوخۆیی و لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی خۆسەپێنی بەغداش هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی گشتگیر بکاتەوە”.

 

“نەك بوارێك بۆ گەشەپێدان و حوكمڕانی باش و دادپەروەری نەماوەتەوە، تەنانەت ئاستی متمانەی هاووڵاتییانیش بە پڕۆسەی سیاسی و كۆی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە خاڵی سفر نزیك بووەتەوە”، لە ڕاگەیەندراوەکەدا وا هاتووە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا گوتوویانە: “لە كاتێكدا نزیكەی  سێ‌ مانگە مووچە دابەش نەكراوە، مووچەخۆران لەوپەڕی بێپارەیی و گوزەرانێكی خراپدان، بازاڕ بەتەواویی چۆڵی پێوە دیارە، ئەم كێشە و قەیرانە تا ئاستی وەستانی ژیان كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە هەبووە”.

 

زیاتر هاتووە: “دوای تێپەڕبوونی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تا هەنووكە ئامادەنین دەرئەنجامەكانی قبوڵ بكەن؛ پەرلەمان پەكخراوە و هەر دوو لایەنی دەسەڵات خەریكی بەهێزكردنی خەندەقی زۆنی خۆیەتی. لە بەرانبەر ئەوەدا زۆنی هاووڵاتییان و چینی پەراوێزخراوی كۆمەڵگە تا دێت هەست بە نامۆیی و پەراوێزخستنی زیاتر دەكات، بەخودی قەوارەی هەرێمی كوردستانیشەوە”.

 

دەشڵێن: “بەكارهێنانی دەسەڵاتی بەغدا وەك بیانوویەكی ئامادە بۆ پەردەپۆشكردنی قەیرانە ناوخۆیییەكان و بردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی لە خزمەتی حزبە حكومڕانەكاندا، بووەتە یەكێك لە بیانووەكانیان”.

 

ئەوان نایشارنەوە کە “بوونی مەیلی ناوەندێتی و خۆسەپێنی لە ژێر كاریگەری  دەسەڵاتی سیاسی بەغدا، دژ بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەشێكی پرسەكەیە. بەڵام، بەشەكەی تری پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستانەوە هەیە”.

 

لەو چوارچێوەیەدا، هەر حەوت حزبەکە، چەند داواکارییەکی بەپەلەیان ئاڕاستەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان کردووە:

 

  1. چارەسەركردنی كێشەی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران.
  2. ئاشكراكردنی داهاتی نەوت و نانەوتی و ڕێگری لە تاڵانیكردنی بگرێت.
  3. پێداچوونەوە بە باج و سەرانە و ڕاگرتنی فرۆشتنی كەرتی گشتی بە كەرتی تایبەت.
  4. پاڵپشتی لە خۆپیشاندان و چالاكی جەماوەری دەكەین، سەركۆنەی توندی توندوتیژی و وەڵامدانەوە بە چەك، دژ بە خۆپیشاندەران دەكەین.

5- لە كۆتاییدا هاوڕابووین بۆ ڕێكخستنی فشاری جەماوەری و سیاسی و درێژەدان بە كاری پێكەوەیی، لە پێناو مووچە و ژیانی هاووڵاتییان و چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، كە خراپی ئەدای حوكمڕانی حزبە دەسەڵاتدارەكان یەكێكە لە هۆكارەكانی لاوازبوون و مەترسییەكان.

 

ناوی حزب و لایەنە سیاسییەکان:

 

– جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌

– یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

– ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی

– بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشوریی لە كوردستان

– حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

– بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان

– حزبی شیوعی كوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button