هه‌واڵ

سوپای ئیسرائیل “تۆڵە” دەستێنێتەوە و ژمارەی کوژراوان بەرز دەبنەوە

زێدپرێس-ئاژانسەکان

 

گوتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هیچ شەڕێک لەنێوان سەربازانی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل و حەماس لە ناوخۆی ئیسڕائیلدا نەماوە و هێزەکانی ئیسڕائیل هەموو ناوچەکانی دەوروبەری کەرتی غەزەیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری غەززە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کە سێیەم ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماسە، دانیال هاگاری، گوتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هیچ شەڕێک لەنێوان سەربازانی هێزەکانی سوپای ئیسڕائیل و چەکدارانی حەماس لە ناو ئیسڕائیلدا نەماوە و هێزەکانی ئیسڕائیل هەموو ناوچەکانی دەوروبەری کەرتی غەزەیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە.

ئەم ڕاگەیاندنە، زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر دوای ئەوە دێت، کە حەماس هێرشێکی لەناکاوی لەڕێگەی هەزاران مووشەک دەستپێکرد و چەکدارەکانی ڕەوانەی ئەودیوی سنوورەکانی ئیسڕائیل کرد، کە ئیسڕائیل لە دوای جەنگی سەربەخۆیی ساڵی ١٩٤٨ەوە هاوشێوەی نەیبینیوە.

 

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل

وەک سەرۆکی وڵاتەکە بەڵێنی “تۆڵەسەندنەوەیەکی قورس”ی دابوو، لە ڕۆژی ڕابردووەوە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕتر کردووەتەوە.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و مزگەوتەکانی غەززەیان تەخت کردووە و ژمارەی کوژراوانیش لە غەززە، تا ئەمڕۆ دووشەم بۆ ٤٣٦ کەس بەرزبوونەتەوە.

هێزی بەرگری ئیسڕائیل، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو، هێرشیان کردووەتە سەر ٥٠٠ ئامانجی بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستین.

بەڵام وەزارەتی ناوخۆی فەڵەستین ڕایگەیاندووە، کە زۆربەی ئامانجەکان “تاوەرەکان، بینای نیشتەجێبوون، دامەزراوەی مەدەنی و خزمەتگوزارییەکان و زۆرێک لە مزگەوتەکان” بوون.

سوپای ئیسڕائیل پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە ئەو ناوچانەی کراونەتە ئامانج، شوێنەکانی حەماس بوون، لەناویاندا؛ حەوت ناوەندی فەرماندەیی حەماس، ناوەندێکی فەرماندەیی جیهادی ئیسلامی و هەروەها ماڵی سکرتێری بزووتنەوەی حەماس.

لە بەرانبەردا، حەماس ڕەتیکردەوە ئەو باڵەخانانەی کراونەتە ئامانج، لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارەوە بەکارهێنرابن و ڕایگەیاند، ماڵەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوون بە ئامانج گیراون.

 

هەزاران کەس ئاوارە بوون

ئاژانسی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، نزیکەی ٧٤ هەزار کەس لە غەزە ئاوارەبوون و پەنایان بۆ ناو قوتابخانەکان بردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژمارانە “پێدەچێت زیاتربن، بەهۆی بەردەوامی تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان”.

ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، یەکێک لەو قوتابخانانەی خەڵکی تێدا پەنادراوە، ڕاستەوخۆ لێیدراوە.

 

هەڵکشانی ژمارەی قوربانییان

بەرپرسانی فەلەستین ئەمڕۆ دووشەم ڕایانگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە غەززە بۆ ٤٣٦ کەس بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا ئیسڕائیل لە وەڵامی هێرشی حەماسدا، دەستی بە هێرشێکی چڕوپڕی ئاسمانی کردووە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە، لەناو قوربانییەکاندا ٨١ منداڵ و ٦١ ژن هەن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی دوو هەزار و ٢٧١ کەس لە غەززە برینداربوون، کە ٢٤٤یان منداڵ و ١٥١یان ژنن.

هاوکات وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل دوێنێ یەکشەم ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە ئیسڕائیل بۆ زیاتر لە ٧٠٠ کەس بەرزبووەتەوە.

 

قوربانییانی بیانی

بەرپرسانی تایلەند کوژرانی ١٢ هاووڵاتی تایلەندییان لە ئیسڕائیل پشتڕاست کردووەتەوە و میدیاکانی ئەمریکایش ئاماژە بە لانیکەم چوار هاووڵاتی ئەمریکی دەدەن. لەهەمانکاتدا هاووڵاتی ئەڵمانی لەناو کوژراوەکان و بە بارمتەگیراوەکاندا هەن. هەروەک گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تایلەند ڕایگەیاندووە، جگە لە کوژرانی ١٢ هاووڵاتی تایلەند لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، ١١ هاووڵاتی دیکەی تایلەند ڕفێندراون.

بەگوێرەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تایلەند، زیاتر لە هەزار کرێکاری تایلەندی داوای هاوکارییان کردووە بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە وڵاتی خۆیان.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل نزیکەی ٣٠ هەزار کرێکاری تایلەندی لە ئیسڕائیل هەن.

ژمارەیەک خەڵکی بیانی لەلایەن چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسەوە کوژراون یان بە دیل گیراون، لەنێویاندا هاووڵاتییانی مەکسیکی و بەڕازیلی کە لەلایەن گروپەکەوە بە بارمتە گیراون، پشتڕاستکراونەتەوە.

چاک شومەر سیناتۆری ئەمریکی ڕۆژی یەکشەم ڕایگەیاند، چوار ئەمریکی کوژراون و دەشڵێت: دەزانین ژمارەی کوژراوەکان بەرز دەبێتەوە.

هەروەها لانیکەم ١٠ هاووڵاتی نیپاڵی و دوو ئۆکراینی کوژراون، بە گوتەی دەسەڵاتدارانی هەریەک لە وڵاتەکانیان.

 

حەماس بانگەشەی زیاتر لە ١٠٠ بە بارمتە دەکات

وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس دوێنێ یەکشەم ڕایگەیاند، چەکدارانی حەماس زیاتر لە ١٠٠ ئیسڕائیلییان بە بارمتە گرتووە، لەنێویاندا ئەفسەری پلە باڵای سوپا هەن. پێدەچێت بارمتەکان  لە غەززە بن، بەڵام چارەنووسیان نادیارە.

گوتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ئەمڕۆ دووشەم پاتەی کردەوە، دوای زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر لە هێرشی لەناکاوی گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان، هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل هێشتا لەسەر زەوی لە باشووری ئیسڕائیل شەڕ دەکەن.

هەروەها گوتی دەیان ئیسڕائیلی وەک بارمتە دەستبەسەرن، بەبێ ئەوەی ژمارەیەکی دیاریکراو ئاشکرا بکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...