هه‌واڵ

ئاماری سەرەتایی زیانەکانی لافاو لە دهۆک

لە ئەنجامی ئەو لافاوەی دوێنێ پارێزگا و شاری دهۆکی گرتەوە، جگە لە گیانلەدەستدانی سێ هاووڵاتی، ١٦٠ خانوو و ٥٠ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە.

 

بەگوێرەی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، تا ڕێککەوتی ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤، لافاو زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بە دهۆک گەیاندووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ناوەندەکە، لە ئەنجامی لافاوەکەدا سێ هاووڵاتی لە شاری دهۆک گیانیان لەدەستداوە و ١١ هاووڵاتی دیکە بریندار بوون، هاوکات ١٢٠ هاووڵاتییش لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانییەوە ڕزگارکراون.

بەهۆی ئەوەی چەندین ماڵ و خانوو دووچاری لافاو بوون، لەلایەن حکوومەتی خۆجێیی دهۆکەوە، خەڵکەکە بۆ هۆتێل و مۆتێلەکان گواسترانەوە، ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان ئاماژە بە گواستنەوە و نیشتەجێکردنی ٦٢٧ کەس لە هۆتێل و مۆتێلەکان دەدات تا ٢٠ی ئازار و ئاشکرای دەکات، کە لە ئەنجامی لافاوەکەدا ١٦٠ خانووی هاووڵاتییان و ٥٠ ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە.

بەگوێرەی تۆمارەکانی کەشناسی، لەماوەی تەنیا ١٢ کاتژمێردا؛ لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی تا ٩:٠٠ی شەوی ڕابردوو، ١٣٣ملم باران لە دهۆک باریوە، کە زۆرترین بڕی باران بارینە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...