هه‌واڵ

لەماوەی شەش ڕۆژدا ١٨٢ سکاڵا لە دژی عەجاج تکریتی تۆمار کرا

هەڵمەتی تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی تۆمەتبار عەجاج تکریتی کۆتایی هات و لە شەش ڕۆژدا ١٨٢ سکاڵا تۆمار کرا.

 

ئەکرەم ساڵح سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال، ئەمڕۆ شەممە، ٩ی ئابی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند، هەڵمەتی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی گەورە تۆمەتبار “عەجاج ئەحمەد حەردان” لە گەرمیان کۆتایی هات.

 

هەڵمەتەکە، ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەشدا بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال، ١٨٢ سکاڵا لە دژی عەجاج تکریتی تۆمار کراوە.

 

عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان، بە جەلادەکەی ئەنفال یان جەلادەکەی نوگرەسەلمان ناودەبردرێت، بەهۆی دڕندەیی و تاوانە قێزەونەکانی بەرانبەر بە قوربانییانی ئەنفال و زیندانیکراوانی قەڵای نوگرەسەلمان.

 

عەجاج تکریتی لە ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٥ لە پارێزگای سەماوە دەستگیر کرا، دوای چەند مانگێک لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و دواتریش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دادگەی سەماوە لەلایەن ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی نوگرەسەلمانەوە.

 

هەڵمەتی تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی عەجاج تکریتی لە ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢٥ تاوەکوو ٩ی ئابی ٢٠٢٥ لە گەرمیان بەردەوام بوو. بەدرێژایی ئەو ماوەیە، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی تاوەکوو ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ، لە هەریەک لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شەهیدانی گەرمیان لە کەلار و مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە لە سلێمانی، سکاڵا لە دژی عەجاج وەردەگیرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button