مانگی ڕابردوو سەگی بێلانە پەلاماری ٩٤ کەسی لە هەولێر داوە

ئامارەکەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، ٨٩ حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و ١٣ حاڵەتی دیکەی پێوەدانی ماری تۆمار کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدا دێت، کە لەماوەی پێشووتردا (حوزەیرانی ٢٠٢٥) نەخۆشخانەکە، تەنیا ٦١ حاڵەتی پەلاماردانی سەگی بێلانەی تۆمار کردووە و لە مانگی ئایاریشدا ٤٦ حاڵەت، لە مانگی نیسان ٦١ حاڵەت، مانگی ئادار ٤٠ حاڵەت، لە مانگی شوبات ٥٤ حاڵەت و لەمانگی کانوونی دووەمیشدا ٥٨ حاڵەتی پەلاماردانی سەگی بێلانە بۆ سەر دانیشتووانی شارەکە، لە هەمان نەخۆشخانەدا تۆمار کراوە.
بەهۆی هەڵکشانی حاڵەتەکانی پەلاماردانی سەگی بێلانە بۆ سەر دانیشتوووانی شاری هەولێر، لە ساڵی ڕابردووەوە، شەڵتەرێکی تایبەت بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە کرایەوە و تاوەکوو ئێستا هەزاران سەگی بێلانە لەو شەڵتەرەدا کۆکراونەتەوە، بەرپرسانی حکوومەتی خۆجێی شارەکەیش بەردەوام ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بەهۆی شەڵتەرەکانەوە، حاڵەتەکانی پەلاماردانی سەگی بێلانە لە کورتییان داوە، بەڵام داتای مانگی تەممووزی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی تەممووزی ساڵی ڕابردوو کە تەنیا (٦١) حاڵەتی پەلاماردانی سەگی بێلانە تۆمارکراوە، هەڵکشانێکی تەواو لە حاڵەتەکانی پەلاماردانی سەگی بێلانە پیشان دەدات.



