بەناوی وەزارەتی کار و دابینکردنی مووچەوە فێڵ لە خەڵک دەکرێت

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەم، ١٣ی ئابی ٢٠٢٥، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێكە ژمارەیەكی نەناسراو بەناوی چاودێری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی کارەوە، پەیوەندی بە خانەوادەی خاوەن پێداویستی تایبەتەكان دەكات بەمەبەستی دابینكردنی مووچەی كەمئەندامی و مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی و داوای ناردنی كارتی نیشتیمانی و زانیاری و پێدانی ژمارە و ناوی خەڵكی تر كە خاوەن پێداویستی تایبەت یان نەخۆش یان كەسانی بەساڵاچوویان هەبێت و دواتر بەناوی ئەوانەوە پەیوەندی بەو خانەوادانە دەكات و داوای كارتی مۆبایل و ناردنی دەکات.
وەک وەزارەتەکە ئاماژەی بۆ کردووە، “بەداخەوە ژمارەیەك هاووڵاتی زەرەرمەندی ئەم فێڵكردنە بوون”.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، وەزارەتی کار بە هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت: “ئاگاداری ئەم بابەتە نییە و ئەوە بەشێكە لە فێڵكردن و وەزارەتمان لەكاتی پێویست لە ڕێگا فەرمییەكانەوە خزمەتگوزاری و ئاگادارییەكانی بڵاو دەكاتەوە، بەرانبەر بەم فێڵكردنەی ئەم گرووپانەش ڕێكاری یاسایی دەگرینە بەر”.



