کۆمسیۆن ٦٢٧ کاندیدی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە

بەگوێرەی تۆماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەکۆی زیاتر لە هەشت هەزار کاندید بۆ هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق ناوەکانیان پێشکەش کردووە، ٦٢٧ کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە و بەو جۆرەیش ئێستا ناوی حەوت هەزار و ٤٤٠ کاندید بۆ هەڵبژاردنەکە پەسندکراوە.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمسیۆن ٢٩٠ لەو کاندیدانە، بەهۆی یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس لە هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە؛ ١٠٦ کاندید پێشینەی تاوانیان هەبووە؛ چوار کاندید بەهۆی پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ساختە؛ ١٥ کاندید لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ ٣٤ کاندید بەهۆی کەموکوڕی لە بڕوانامەی خوێندن و پێنج کاندید بەهۆکاری دیکەی جیاجیا لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکە دوورخراونەتەوە، ئەوە جگە لە ١٦٣ کاندیدی دیکە کە کۆمسیۆن دەڵێ، بەهۆی جێگۆڕکێی ناوەکانیان لەلایەن لیستەکانیانەوە دوورخراونەتەوە، لەپاڵ ١٠ کاندید لە پێکهاتەی مەسیحی کە ئاماژە بە هۆکاری دوورخستنەوەیان لە هەڵبژاردنەکە نەدراوە.



