بڕی ١٢٠ ملیار داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا کرا

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەم ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥ کە بڕەکەی ١٢٠ ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەمی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا، بە مەرجی ڕادەستکردنی بڕی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی پێشتر لە نێوان هەردوو حکوومەتدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردبوو، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هەر کاتێک حکوومەتی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی دەرکرد، ڕاستەوخۆ داهاتی نانەوتی ڕادەست دەکەن.



