ههواڵ
شارەوانی بۆ فەرمانبەران: کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانتانەوە مەکەن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەو فەرمانبەرانە ئاگادار دەکاتەوە کە زەوییان وەرگرتووە، بە هیچ شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانەوە نەکەن، چونکە تووشی کێشە دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاگاداری ئەو فەرمانبەرانە دەکاتەوە کە لەماوەی ڕابردوودا زەوییان پێدراوە، مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانەوە دروست نییە و لە داهاتوودا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە فەرمانبەران کراوە، مامەڵە بە زەوییەکانەوە نەکەن تاوەکوو دەبنە خاوەنی سەنەد (تاپۆ)ی خۆیان و دوای وردبینی لە پڕۆسەکە ئاگادار دەکرێنەوە.
زیاتر دەڵێ: “لە ئەگەری وەرگرتنی دووبارەی زەوی، ئەو فەرمانبەرە زەوییەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و تووشی سزای یاسای دەبێت، بۆیە داوای پابەندبوونتان لێ دەکەین و مامەڵە بەو زەوییانە مەکەن تاوەکوو دەبنە خاوەن سەنەد یاخود تاپۆی خۆتان’.



