هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: داوای خەڵی بێ تاوانی کوردستان دەگەیەنینە جیهان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاوانی هێرشکردنە سەر ماڵی هاووڵاتییان و شەهیدکردنی دوو هاوسەرەکەی سنووری هەولێر سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات.

 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “زور غەمبار و دڵگرانم بە بیستنی هەواڵی هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی پێشمەرگەیەک لە سنووری هەولێر کە بووە هۆی شەهیدبوونی خۆی و خێزانەکەی” و “بە هەموو شێوەیەک ئەم تاوانە قێزەونە، سەرکۆنە و تاوانباران شەرمەزار دەکەم”.

 

کاتژمێر ١٢:١٥ خوولەکی شەوی سێشەم، ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییەک لە گوندی زەرگەزەوی سەر بە ناحیەی دارەشەکران لە سنووری هەولێر، دوو هاوسەر بە ناوەکانی مووسا ئەنوەر تەمەن ٣٩ ساڵ و موژدە ئەسعەد تەمەن ٣٥ ساڵ شەهید بوون.

 

مەسرور بارزانی هەر لە پەیامەکەیدا گوتوویەتی: “بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل و ماڵی هاووڵاتییان، تاوانی جەنگە و داوای خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، دەگەینینە هەموو جیهان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو ستەمکاریەی بەرامبەریان دەکرێت دابندرێت و چیتر بە بیانووی بێ پاساو، پەلاماری خەڵکی کوردستان نەدرێت”.

 

دوابەدوای ڕووداوەکە، دژەتیرۆری کوردستان ئاشکرای کرد، ئەو درۆنە بۆمبڕێژکراوەی هێرشەکەی پێ ئەنجامدراوە، لە ئێرانەوە ئاڕاستە کراوە.

 

لە دەستێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان خراوەتە ژێر هێرشێکی بەرفرەوانی مووشەکی و درۆنی، لەلایەن ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەربە ئێران و حەشدی شەعبییەوە لە عێراق. لەو چوارچێوەیەدا، زیاتر لە ٥٠٠ هێرش بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەولێر و شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

 

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، ١٦ هاووڵاتی شەهید بوون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button