هه‌واڵ

بەنزینخانەکانی سلێمانی پابەندی بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی بەنزین نابن

بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، پابەندبوون بە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵ ڕەت دەکەنەوە.

 

دوای ئەوەی دوێنێ دووشەم، ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵ بۆ ٨٥٠ دینار دەرکرد، بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، پابەندبوون بە ناوەڕۆکی بڕیارەکەیان ڕەت کردەوە.

 

خاوەن بەنزینخانەکانی سنوورەکە، ڕەتکردنەوەی بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە ئەوان لە بنەڕەتدا بە نرخی زیاتر لە ٨٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک بەنزینیان دەست دەکەوێت و لەو ڕوانگەیەوە ئەگەر بەنزین بە ٨٥٠ دینار بفرۆشنەوە، زیانیان پێ دەگات، لەبەرئەوە ئامادەنین بە زیان بەنزینەکەیان بفرۆشنەوە.

 

لە بەرانبەردا، لە زۆرینەی بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، نرخی بەنزینی نۆرماڵ بۆ ٨٥٠ دینار کەم کراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی زێدپرێس، ژمارەیەکی زۆر لە بەنزینخانەکان لە تابلۆی بەردەم وێستگەکانیاندا ئاماژەیان بە نەبوون یان نەمانی بەنزینی نۆرماڵ کردووە و ئەوەش پرسیاری دروست کردووە کە چۆن لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، بەو خێراییە بەنزینی نۆرماڵ لە وێستگەکانی فرۆشتندا نەما.

 

هەر ئەمڕۆ سێشەم، ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، سەرجەم بەنزینخانەکانی شارەکە دەستیان بە جێبەجێکردنی بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵ بۆ ٨٥٠ دینار کردووە.

 

ژمارەیەک لە خاوەن بەنزینخانەکانی شارەکە، لە ڕێگەی میدیا و هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، هەرچەند لە فرۆشتنی بەنزین بە نرخی ٨٥٠ دینار زیان دەکەن، بەڵام پابەند دەبن بە بڕیارەکەی حکوومەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button