هه‌واڵ

عێراق بەرنامەی نەوت بە گاز لەگەڵ ئێران دەست پێدەکات

زێدپرێس

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات، لە بەرانبەر پێدانی گاز لەلایەن ئێرانەوە، عێراق نەوتی خاو و نەوتی ڕەش بە ئێران دەدات. سودانی هەروەها، ئاشکرای کرد، وەزارەتی نەوتی ڕاسپاردووە، بۆ گرێبەستی بەرهەمهێنانی گاز لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی لە کەرتی گازی هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئێوارەی سێشەم ١١ی تەموزی ٢٠٢٣، ڕایگەیاند، پێشتر هۆکارەکانی پشت قەیرانی کارەبایان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەستنیشان کردووە، هەروەها چارەسەری دەستبەجێ، مامناوەند و درێژخایەنیان داڕشتووە. ئەمە جگە لە کۆمەڵێک ڕێوشوێن کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت، بەتایبەت هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆی عێراق و گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمی گازدا.

لە سەرەتای لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، سودانی باسی لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا لە عێراق کرد، لەناویاندا، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنس بۆ دانانی سیستەمی فێنککەرەوە، کە تا ٧٩٧ مێگاوات کارەبای دابینکردووە؛ پەلەکردن لە تەواوکردنی وێستگە تەواونەکراوەکان، لەناویاندا کردنەوەی وێستگەیەک لە سەلاحەدین، کە نزیکەی ٦٠٠ مێگاوات کارەبای زیاد کردووە.

سودانی ڕوونی کردەوە، وەک ئەنجامی ئەو ڕێوشوێنانەی لەبەریانگرتووە، لە نێوان چوار تا پێنج هەزار مێگاوات کارەبا زیادکراوە، لەپاڵ بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی نێوان ٢٠-٢١ هەزار مێگاواتی کارەبا و بەو جۆرەش بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە ٢٦ هەزار مێگاوات.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی لەوەش کرد، ئەوان هەنگاوی خێرایان هەڵگرتووە، بۆ ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ و هەر ئەمڕۆیش(١١ی تەموزی ٢٠٢٣) شایەدی واژۆکردن و جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنەکە بوون.

ڕێککەوتنی حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ، چوار گرێبەست لەخۆدەگرێت، یەکێکیان بۆ وەبەرهێنانی گازی بەیاوەرە، کە ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا گازی پێوانەیی دابین دەکات. جگە لە ئامادەیی کۆمپانیا ئیماراتی و چینییەکان لە خولی داهاتوودا، بۆ بەرهەمهێنان لە کێڵگە گازییەکان، کە پێشبینی دەکرێت لە نێوان ٥٥٠-٦٥٠ ملیۆن پێ سێجا بەرهەم بێنن. هاوکات تەواوکردنی بەشی یەکەمی پڕۆژەکانی گازی بەسڕە، بە توانای ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجا و بەشی دووەمیش لە کۆتایی ئەمساڵدا، کە ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجای تر، زیاد دەکات.

“ئەم پڕۆژانە لە ماوەی دوو سێ ساڵدا لە هەر گازێکی هاوردەکراو ڕزگارمان دەکەن، هەروەها نوێنەرایەتی چارەسەری ڕاستەقینە و کۆتایی قەیرانەکە دەکەن”، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وای گوت. ئامانجەکە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی گازی عێراق و بەکارهێنانیەتی لە بەڕێوەبردنی وێستگەکانی کارەبا.

هەوڵەکانی عێراق بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی گاز و بەکارهێنانی لە بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، هەر لە دوای ٢٠٠٣ەوە، زۆر بە سستی ڕۆیشتوون، لەکاتێکدا عێراق گازەکەی خۆی دەسووتاند و لە بەرانبەردا ساڵانە بە بەهای ملیاران دۆلار گازی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد.

گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران و گوشارەکانی ئەمدواییەی ئەمریک، هۆکار بوون لەوەی ئێران دەستی بە تەواوی ئەو پارەیە نەگات، کە دەبوو عێراق لە بەرانبەر کڕینی گازدا بیدات. بەپێی سودانی، زیاتر لە ١١ ملیار یۆرۆی ئێران لە بانکی بازرگانی عێراقە، کە عێراق بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، ناتوانێت پارەکە بە کاش بداتە ئێران. سەرەڕای ئەوەی وەک سودانی گوتی “هەوڵەکانمان لە ماوەی ڕابردوودا، سوودی هەبووە بۆ گواستنەوەی یەک ملیار و ٨١٥ ملیۆن یۆرۆ، سەرەڕای ئاڵۆزی و ڕۆتینەکان”.

بەهۆی ڕێگرییەکانی ئەمریکا، لە بەدەستگەیشتنی پارەکە، هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق ڕاگیرا، بەڵام هەردوو حکوومەتی عێراق و ئێران لەسەر ئاڵوگۆڕێکی ناڕاستەوخۆ ڕێک کەوتن، کە بریتییە لە پێدانی نەوتی خاو و ڕەش لە بەرانبەر وەرگرتنی گازی ئێران. “ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردنی پارەی عێراق” سودانی وای گوت.

زیاتر گوتی “ڕێککەوتنی گرنگ لەگەڵ لایەنی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنانی تەواوەتی کێشەکە، لە چوارچێوەی ڕەسمی و یاساییدایە، هەروەها لە چوارچێوەی پابەندبوونمانە بە بەرهەمهێنانی نەوت بەپێی پشکی ئۆپێک. لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنەکە، هاوردەکردنی گازی ئێران دەستیپێکردووەتەوە”.

سودانی لە تەوەرێکی دیکەدا، ئاشکرای کرد، وەزارەتی نەوت ڕاسپێردراوە بە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی گاز لە هەرێمی کوردستان و لەو ڕێگەیەشەوە دەتوانرێت بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا بەگەڕبخرێن. وەک سودانی گوتی، “ئەم چارەسەرانە ئەو سەقامگیرییە دەڕەخسێنن کە پێویستمانە بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی گازی عێراق و گەیشتن بە خۆبژێوی و دوورکەوتنەوە لە گازی هاوردە”.

هەرچەند، سەرۆکوەزیرانی عێراق هیچ ئاماژەیەکی نەدا، بەڵام ئەگەرێکی زۆر هەیە، کە حکوومەتی عێراق نەوتی هەرێمی کوردستان بە ئێران بدات لە بەرانبەر وەرگرتنی گازدا، لەکاتێکدا هەناردەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...