زیاتر لە دوو ملیار دۆلار داهاتی سێ مانگی نەوتی هەرێم بووە
زێدپرێس
كۆمپانیای دیلۆیت، ئاماری بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، خەرجی و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەگی یەكەمی ئەمساڵ (٢٠٢٣) بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆیت، کۆی بەرهەمی نەوت ٣٦ ملیۆن و ٧٢٣ هەزار و ٤٧٥ بەرمیل نەوت بووە، بڕی هەناردەكردن ٣٢ ملیۆن و ٣٠٧ هەزار و ٣٨٢ بەرمیل و بڕی تەرخانکراویش بۆ پاڵاوگە، چوار ملیۆن و ٣٩ هەزار و ٢٣٢ بەرمیل بووە، هەروەها بڕی فرۆشی ناوخۆ ٣٧٦ هەزار و ٨٦١ بەرمیلە.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، كە داهاتی گشتیی نەوت لە هەرێمی كوردستان دوو ملیار و ١٩٩ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار و ٣٩٦ دۆلار بووە، لە كاتێكدا تێکڕای نرخی بەرمیلێك نەوت ٦٧.٦٣٩ دۆلار بووە، لەم ڕێژەیەش داهاتی نەوتی ناوخۆ ٢٢ ملیۆن و ٩٨ هەزار و ٤٥٦ دۆلار و تێکڕای نرخی بەرمیلێكیش ٥٨.٦٣٨ دۆلار بووە.
ڕاپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆیت ئەوەشی خستووەتە ڕوو، خەرجیی پڕۆسەی نەوت لە چارەگی یەكەمی ئەمساڵدا، ملیارێك و ٢٥٣ ملیۆن و ١٨٧ هەزار و ٢٥٤ دۆلار بووە و لەم ڕێژەیەش داهاتی ماوە بۆ حکومەت كە بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان كراوە، بریتی بووە لە ٩٤٦ ملیۆن و ٤٩٧ هەزار و ١٤٢ دۆلار.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم ڕوونی کردووەتەوە، ڕاپۆرتەكانی کۆمپانیای جیهانیی دیلۆیت، لە چوارچێوەی پڕۆسەی وردبینیی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و وەک بەشێک لە دەستپێشخەریی تایبەت بە شەفافیەت لە بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر چوار مانگ جارێك ڕاپۆرتی پشتڕاستکراوەی تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ لەبارەی (هەناردەكردن، بەكاربردن، خەرجی و داهاتەكانی نەوت) بڵاو دەكاتەوە.