هه‌واڵ

ئاسایش و “فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان” ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە

زێدپرێس

لەکاتی دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو هێزە چەکدارەی بەناوی “فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان” دەردەکەوتن، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەکانی ئاسایش و چەکدارەکان ڕوویدا و لە ئەنجامدا یەکێک لە چەکدارەکان کوژرا و دووانی دیکەیش بریندار بوون. هاوکات دوو برینداریش لە ئەندامانی ئاسایش هەیە.

ئەمڕۆ ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی ئەندامانی “فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان”ی ڕاگەیاند. دەزگای ئاسایش لە ڕاگەیەنراوێکی تایبەتدا، دەڵێ: “هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەندامانی گرووپێکی چەکداری نایاسایی دەستگیرکرد کە ناویان لەخۆیان نابوو (فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان)”.

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕای گەیاندووە، “بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان دوای ڕووبەڕووبوونەوە ئەندامانی گرووپە چەکدارە نایاساییەکە دەستگیر بکەن، کە ببوونە هۆی پشێوی و نائارامی لە ناوچەکە و هەستاون بە خۆنمایشکردن و وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەکردن و تەقەکردن و تۆقاندنی هاووڵاتیان”.

ئاشکرایشی کردووە، “لە کاتی دەستگیرکردنی چەکدارەکان، ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەوە، لە ئەنجامدا دوو کارمەندی ئاسایش برینداربوون کە هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازین، لە کاتی ڕوبەڕووبونەوەکەدا دووان لە چەکدارەکان برینداربوون و یەک چەکدار گیانی لەدەستدا”.

هەروەها دەڵێ “بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی ١٥٦ لەیاسای سزادانی عێراقی ئەندامانی گرووپە چەکدارەکە دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە”.

“فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان” لە گرووپێک گەنجی گەرمیان پێکهات بوو، کە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی خۆیان وەک ئەندام، چەکدار و “فیدایی”ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەناساند و لەلایەن گەنجێکەوە بەناوی دارا عەتا سەرکردایەتی دەکران و وەک فەرماندەی فەوجەکە دەناسرا. ئەوان ژمارەیەک گەنج بوون کە لە سەروەختی شەڕی داعشدا، وەک خۆبەخش لەپاڵ هێزەکانی پێشمەرگە، بەشدارییان لە شەڕی دژ بە داعش کرد و هەر لە ٢٠١٤ەوە بەردەوام بوون.

“فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان” لەلایەن بەشێک لە فەرماندە سەربازی و بەرپرسانی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، پێشوازی دەکران و چەندین جار دانیشتن و کۆبوونەوەیان هەبووە.

ڕۆژی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لیوا ئەیوب یوسف سەعید سەرپەرشتیاری لیوای سێ و حەوتی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، لە بارەگای فێرگەی جەنگی شەهید عەقید (نەریمان دۆشکە) میوانداری ئەندامانی فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیانی کرد. لیوا ئەیوب یوسف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕای گەیاند، “میوانداری کۆمەڵێکی زۆر لە گەنجانی خۆبەخشی کەلارم کرد، کە ماوەیەکی زۆرە ئەم گرووپە پڕ هێز و توانا و وزەیەیان بۆ خزمەتکردنی خاکی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروست کردووە، لە هەموو بارودۆخێکدا ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی پارێزەرانی خەڵک و خاکی کوردستان”.

پێشتریش ئەندامانی هێزە خۆبەخشەکەی گەرمیان، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس و فەرماندە سەربازییەکانی یەکەی حەفتا و سەر بە یەکێتیی نیشتمانی کۆدەبوونەوە و پێشوازی دەکران.

دوایین پۆستی فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان، لە ١٦ی حوزەیراندا و لە هەژماری تایبەتیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە و دەڵێن “ئێمە بە شوێن پێی مام جەلال و كاك كۆسرەت و هەموو سەركردە تێكۆشەرەكانی تردا هەنگاودەنێین و یەكێتییەكەمان دەپارێزین. بەخوێن و گیان 450 چەکداری فیدایی لە ڕێگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا”.

فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان، وەک خۆبەخش بەشداریان لە شەڕەکانی دژ بە تیرۆریستانی داعش کرد، لەماوەی ئەمساڵدا، گردبوونەوەیان کرد و داوای دامەزراندنیان دەکرد.

لە ١٥ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی ناوەندەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کۆبوونەوە و پێشوازیکردنی لە ئەندامانی فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان بڵاو کردووەتەوە.

لە پۆستەکەیدا هاتووە، “پۆڵا سیروان تاڵەبانی وێڕای دەستخۆشیکردن لە پای هەوڵ و ماندووبوونیان بە خۆبەخشانە لە زۆربەی شەڕەکان و لە زۆربەی میحوەرەکان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی ڕۆڵیی گرنگیان هەبووە، سوپاسی دڵسۆزی و خەمخۆری کردن بەتایبەت کە هەموو کەسوکاری شەهید و ئەنفالن”.

بەپێی ڕاگەیەنراوی دیدارەکە، کە پۆڵا تاڵەبانی بڵاوی کردووەتەوە، “خۆبەخشان دووپاتیان کردەوە کە وەکو هەمیشە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی یەکێتیی نیشتمانی و ڕێبازی مام  و لە هەر شوێنێک کەوا یەکێتیی نیشتمانی کاری پێیان هەبێت”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...