هه‌واڵ

گەورەترین کارگەی ئاسن لەسەر ئاستی عێراق لە کوردستان دەکرێتەوە

زێدپرێس

دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، گەورەترین کارگەی ئاسن لە سەر ئاستی عێراق، لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، کارگەکە لەتوانایدایە لە بەرهەمهێنانی ئاسندا پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێژەی ١٠٠٪ پڕ بکاتەوە.

ڕاگەیەنراوەکەی دەستەی وەبەرهێنان، دوابەدوای بەسەرکردنەوەیەکی د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ کارگەی ئاسنی ڤان ستیل هات، کە ئەمڕۆ دووشەم ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، سەردانی کارگەکەی کرد.

بەپێی دەستەی وەبەرهێنان، کارگەکە لەتوانایدایە لە بەرهەمهێنانی ئاسندا پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێژەی ١٠٠٪ پڕ بکاتەوە.

کارگەی ڤان ستیل تایبەتە بە بەرهەمهینانی شیشی ئاسن و ساڵانە ٧٠٠ هەزار تۆن شیش بەرهەم دێنێت. خاوەنداریەتی کارگەکە بۆ گرووپی کۆمپانیاکانی گەلیاوە دەگەڕێتەوە.

“کارگەکە ٩٠٠ هەلی کاری ڕاستەوخۆ و نزیکەی پێنج هەزار هەلی کاری ناڕاستەوخۆی ڕەخساندووە و لەو ڕێژەیەش زیاتر لە ٩٢٪ی کرێکار و دەستی کاری ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە”، دەستەی وەبەرهێنان وا دەڵێت.

گوژمەی وەبەرهێنان لە کارگەی ڤان ستیل بە ٣٤٠ ملیۆن دۆلار دیاریکراوە. کۆمپانیاکە لە ئایاری ٢٠٢٠دا، مۆڵەتی دامەزراندنی کارگەکەی لە دەستەی وەبەرهێنان وەرگرتووە و لە ساڵی ٢٠٢١دا دەستیان بە دامەزراندنی کردووە.

لە ساڵی ٢٠٢١دا، گرووپی کۆمپانیاکانی گەلیاوە، ڕای گەیاند، کارگەی ڤان ستیل لەتوانایدایە، ساڵانە ٧٥٠ هەزار تۆن سکراب و کەرەستەی خاو بکاتەوە شیشی ئامادەکراو و ئەوەش ڕیکۆردێکی نوێیە.

ئەوکات، کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردبوو، ئێستا(ساڵی ٢٠٢١) کارگەکە ٥٠٠ هەلی کاری ڕەخساندووە و لەگەڵ تەوابوونی لە دوو ساڵی داهاتوودا، دوو هەزار هەلی کار بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت. کۆمپانیاکە هەروەک ڕای گەیاندبوو، سەرجەم دەرفەتەکانی کار لە کارگەکە، بۆ دەستی کاری خۆماڵی تەرخان دەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...