هه‌واڵ

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: پەیجێکی چڵکاوخۆر هەوڵی ناشرینکردنی پڕۆژەکانمان دەدات

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، بە تووندی ڕەخنە لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە وەزارەتەکەیان دەگرێت، بەبێ ئاماژەدان بە ناوەکەی بە “پەیجێکی چڵکاوخۆر” دەیناسێنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ شەممە، ١٧ی شوباتی ٢٠٢٤، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ ڕاپۆرتێکی “ڕۆژنامەوانی” بڵاوکردەوە کە وا دەردەکەوێت ڕاپۆرتەکە لە پەیجێکی سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکرابێتەوە.

هەرچەند وەزارەتەکە ناوی پەیجەکەی نەبردووە، بەڵام بە “چڵکاوخۆر” ناویان دەبات و هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی نووسەر و ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە دەکات.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

پەیجێکی چڵکاوخۆر کە پارە لە بەرپرسان و هەندێ کەس وەردەگرن بۆ ریکلام کردن بۆ کارەکانیان، لەو چوارچێوەیەدا دیارە پارەیان لە لایەنێک وەرگرتوەو راپۆرتێکی پڕ لە درۆ و بوختان و چەواشەکاریان لەسەر وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و پڕۆژەی پردی توەقوت کردوە.

کارەکەی نوسەری راپۆرتەکەو خاوەنی پەیجەکە، هەوڵێکی تری نەزۆکانەیە بۆ ناشرینکردنی کارو پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، لەبەرئەوەی سەرەڕای قەیرانەکان لەماوەکانی رابردودا  توانیومانە (440) پڕۆژە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە گوژمەی 900 ملیار دینار تەواو بکەین، کە بەرهەمەکەی زیاتر لە 1300کم رێگا قیرتاو کراوەو لەئایندەیەکی نزیکدا لە چوارچێوەی کتێبێکدا چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای ئەوەی پێشتریش رونکردنەوەی لەسەر پڕۆژەی پردی توەقوت داوە، سەرلەبەری راپۆرتی ئەو پەیجە رەتدەکاتەوەو جارێکی تر بۆ رایگشتی روندەکاتەوە:

رێگاو پردی توەقوت لەپارێزگای هەڵەبجە کە یەکێک بو لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی ناوچەکەو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، خۆشبەختانە لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و بەهەوڵەکانی بەڕێز دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و لەسەر رەزامەندی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی بۆ ئەنجامدان و جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە وەرگیرا.

دوای گرتنەبەری رێکارەکان و ئاراستەکردنی نوسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژەی پردی توەقوت بە رێکاری یاسایی و بەپێی رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2016) خراوەتە پرۆسەی تەندەرینەوەو ئیحالەی کەمترین نرخ کراوەو بۆ کۆمپانیایەکی خۆماڵی دەرچوە، بەڵام پردی سازان لەنێو رەزامەندیەکە نەبو، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی هێشتا رێککەوتن لەنێوان حکومەتی عێراق و ئێران نەکراوە کە دەروازەی سازان بکرێتە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی.

بەهۆی رێوشوێن و رێکارەکان و تاوەکو ھاتنەوەی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران بۆ رەزامەندی لەسەر پڕۆژەکە و دواتر هاتنەئارای شەڕی ئۆکرانیا، کۆمپانیاکە داوایەکی پێشکەش کرد کە پڕۆژەکە نەکات یاخود ئامادەیە بە نرخی خەمڵێنراوی وەزارەت پڕۆژەکە جێبەجێ بکات، لەسەر ئەو بنەمایەو وەک مافێکی کۆمپانیا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن داوای کۆمپانیاکەی بەنوسراو بەرزکردوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانیش رەزامەندی لەسەر زیادکردنی تێچوی پڕۆژەکە کردوە بەڵام نەک بەو بڕە پارەیەی لە راپۆرتی پەیجەکەدا ئاماژەی پێکراوە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە ساڵی 2022ەوە ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەو ئێستاش چاوەڕێی بریاری ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ دانانی بەردی بناغەو جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە، بەڵام بەداخەوە تائێستا بەهۆکاری سیاسی نەتوانراوە بەردی بناغەی پڕۆژەکە دابنرێت، لەماوەی رابردودا ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەو خەڵکی خۆشەویستی شارەکە ئاگادارن کە دو جار ئامادەکاری و پێداویستییەکانی رێورەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە دانرا، بەڵام بەهۆکاری سیاسی نەتوانرا ئەنجامبدرێت.

نوسەری راپۆرتەکەو خاوەنی پەیجەکە لەبەرئەوەی تەنها خەمیان چنگکەوتنی پارەی ژێربەژێر بوەو بەشێکی ستافەکەش ئاگایان لەو سەوداو مامەڵەیە نیە، لە کۆی راپۆرتەکەداو سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەت زانیاری ناڕاست و بوختانیان کردوە و کەوتونەتە هەڵەی زەقەوە،و کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتەکانی دیکەی تێکەڵ کردوە، بەجۆرێک پاککردنەوەی بەفری رێگای مەرزی کێلێ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بودجەکەی بۆ تەرخانکراوەو هەر خۆشیان گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەک کردوەو لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە نەکراوە.

جگەلەوەش پرۆسەی تەندەرین لەلایەن لیژنەکان و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەت بە کۆمەڵێک رێکاردا تێپەڕدەبێت و دورو نزیک پەیوەندیی بە نوسینگەی بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە نیە، دیسان لەوەشدا درۆ و بوختانیان کردوە کە دەڵێن سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیایەک داوای پێشکەشکردوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بێ ئەوەی داوای پارە بکات تا ئەوکاتەی بارودۆخ باش دەبێت، دور و نزیک ئەو سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیایە داوایەکی لەو شێوەیەی پێشکەش بە وەزارەتمان نەکردوە. سەبارەت بەپڕۆژەی ئەو گوندانەی ئاماژەی پێکردوە، دیسان کەوتونەتە ھەڵەیەکی زەقەوەو بەوشێوەیە ئیحالە نەکراوە کە لە راپۆرتەکەدا باسکراوە.

جگەلەوەش هیچ پەیوەندییەکی تەلەفونیان بە نوسینگەی جەنابی وەزیر و راگەیاندنی وەزارەتەوە نەکردوە بۆ لێدوان وەرگرتن لەسەر راپۆرتەکە، وەک ئەوەی نوسەری راپۆرتەکە بۆ چەواشەکاری ئاماژەی بۆ کردوە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای بڕوای تەواوی بە پشتیوانی لەکاری رۆژنامەنوسی و رۆژنامەنوسان، بەڵام بەمافی خۆی دەزانێت لەرێگەی یاساو دادگاوە باجی ئەو درۆ و بوختانانە لە نوسەری راپۆرتەکەو خاوەنی پەیجەکە وەربگرێت و لەنزیکترین کاتدا روبەڕوی دادگاو یاسایان دەکەینەوەو سەرجە بەڵگەو دۆکیۆمێنت و راستیەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو راپۆرتە چەواشەکاریە دەبەینە بەردەم دادگا، هەر قەرەبو و مافکەوتێکیش کە لە ئەنجامی ئەم داوایەوە بەر وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دەکەوێت دەیخەینە خزمەت پڕۆژەی پردی توەقوت.

جارێکی تر خەڵکی کوردستان بەگشتی و کەسوکاری شەھیدان و خەڵکی پارێزگای ھەڵەبجە دڵنیا دەکەینەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەم کابینەیەدا هەروەک چۆن لە سەرەتاوە بەڵێنیدا، ئاواش هەوڵەکانی بەئەنجام دەگەیەنێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی رێگاو پردی توەقوت.

 

راگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن

17/2/2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...