كۆمه‌ڵایه‌تیهه‌واڵ
ئاراستەکان

نەتەوەیەکگرتووەکان: یەکسانی جێندەری پێویستی بە سێ سەدەی دی هەیە

زێدپرێس

نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیگەرانییەوە لە بەدیهاتنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام دەڕوانێت و ڕای دەگەیەنێت، لە نزیکەی ١٤٠ ئامانج نیوەیان لادانێکی مامناوەند یان سەخت لە ڕەوتی خوازراو پیشان دەدەن. زیاتر لە ٣٠٪ی ئامانجەکان هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەدیوە یان لەوەش خراپتر، پاشەکشەیان کردووە. لەوانەش ئامانجەکانی پێوەست بە هەژاری، برسێتی و کەشوهەوا. ڕێژەی بێکاری بەجۆرێک هەڵکشاوە، کە لە پێش قەیرانی ئابووری ٢٠٠٨ و برسێتی بە ئاستێک گەیشتووە، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە نەبینراوە. ئامانجەکانی پێوەست بە یەکسانی جێندەری لەژێر هەڕەشەدان و ئەگەر پڕۆسەکە وەک ئەوەی هەیە، بچێتە پێشەوە، پرسی یەکسانی جێندەری، بە خەمڵاندن پێویستی بە ٢٨٦ ساڵی دی هەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەڵسەنگانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەمەڕ پابەندبوونی وڵاتان بە هەنگاونان بە ئاڕاستەی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، جیهان بە ئاڕاستەیەکی دروست هەنگاو نانێت بۆ ئەوەی تاوەکوو ساڵی٢٠٣٠ پرسی نایەکسانی جێندەری چارەسەر بکات. لەسەر ئاستی جیهان، هیچ کام لە ١٤ پێوانەکان بە ئامانجی خوازراو نەگەیشتوون و تەنیا یەکێکیان لە ئامانجی دیاریکراو نزیکە. ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، بە خەمڵێنراوی ٢٨٦ ساڵ بۆ کەمکردنەوەی بۆشاییەکان لە پرسە یاساییەکان و نەهێشتنی یاسایە جوداکارییەکان پێویستە، ١٤٠ ساڵیش بۆ ئەوەی ئافرەتان لە پێگەکانی دەسەڵات و ڕابەرایەتی لە شوێنی کار بە یەکسانی لەپاڵ پیاوان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، هەروەها ٤٧ ساڵی دیکەش بۆ ئەوەی بە یەکسانی لە پەرلەمانە ناوخۆییەکان نوێنەرایەتی بکەن.

لە هەمان کاتدا، زنجیرە قەیرانە جیهانییەکان پرسی نایەکسانی جێندەرییان زەق و خراپتر کردوون، بۆ نموونە، نایەکسانی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، پەروەردە، هەروەها دەرفەتە ئابوورییەکان. سەرکردایەتیی سیاسی و چاکسازی یاسایی گشتگیر بۆ نەهێشتنی ڕێگرە سیستەمییەکان لە بەردەم گەیشتن بە ئامانجی یەکسانی جێندەر پێویستن.

پرسی یەکسانی جێندەری کە ئامانجی پێنجەم لە ١٧ ئامانجەکەی پەرەپێدانی بەردەوام پیکدێنێت و ئەویش لە ١٤ ئامانجی دیاریکراودا بەرجەستەکراوەتەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنی نەتەوەیەکگرتووەکان، دۆخی گرێدراو بە ئامانجەکان بەو شێوەیەن:

ئامانجی ٥.١: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ١١٩ وڵات لە ساڵی ٢٠٢٢ کۆکراونەتەوە، لە ٥٥٪ وڵاتەکان بە یاسا ڕێگری لە جوداکاری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەرانبەر ئافرەتان نەکراوە؛ نیوەی وڵاتەکان لە پەرلەمانی ناوخۆیییان بەردەوام کۆتای ئافرەتانیان پشتگوێ خستووە؛ ٦٠٪ وڵاتەکان شکستیان هێناوە لەوەی بە یاسا پێناسەی دەستدرێژی لەسەر پڕەنسیپی ڕەزامەندی بکەن؛ ٤٥٪ وڵاتەکان دەزگا و کۆمپانیاکانیان ناچار نەکردوون بە پێدانی مووچەی یەکسان بۆ ئەو کارانەی هەمان بەهایان هەن؛ زیاد لە سێیەکی وڵاتەکان بەگوێرەی ستانداردەکانی ئای ئێڵ ئۆ مۆڵەتی دایکایەتییان بە فەرمانبەرانی ئافرەت نەداوە؛ نزیکەی چارەگێک لە وڵاتەکان هەمان مافی پیاوانی بە ئافرەتان نەداوە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری یان دەست بە پڕۆسەی جیابوونەوە بکەن؛ هەروەها نزیکەی سێ چارەگیش لە وڵاتەکان شکستیان هێناوە لەوەی ١٨ ساڵی وەک کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری بۆ ئافرەتان و پیاوان، بێ جیاکاری، بکەن بە مەرج.

ئامانجی ٥.٣: یەک لە هەر پێنج ئافرەتێکی گەنج لە جیهان (١٩٪) لە تەمەنی منداڵی لە ساڵی ٢٠٢٢ هاوسەرگیری کردووە. لە جیهان، ڕێژەی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵی لە ٢١٪ (٢٠١٦) دابەزیوە. هەرچەندە، کاریگەرییە دیارەکانی کۆڤید-١٩ هەڕەشەن بۆ سەر ئەو بەرەوپێشچوونە، بەهۆی ئەوەی ١٠ ملیۆن کچی منداڵ مەترسی هاوسەرگیری پێشوەختەیان لەسەرە لە ماوەی ١٠ ساڵ دوای سەرهەڵدانی پەتاکە.

ئامانجی ٥.٥: تاوەکوو سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، ئافرەتان خاوەنی ٢٦.٥٪ کورسییەکانی پەرلەمانە ناوخۆیییەکان بوون، ئەمەش لە ٢٢.٣٪ ساڵی ٢٠١٥ بەرزبووەتەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ئافرەتان ٣٥.٥٪ کورسی ئەنجوومەنەکانیان بەدەست بووە، لە ٣٣.٩٪ (٢٠٢٠) بەرزبووەتەوە. لە ئەگەری بەردەوامبوون بەم شێوەیە، تاوەکوو ساڵی ٢٠٣٠ یەکسانی بەدەست نایەت. هەروەها، یەکسانی جێندەری لە دامەزراوە سیاسییەکان دەگمەنە: تەنیا شەش وڵات نیوە یان زیاتری ئەندامانی پەرلەمانە ناوخۆیییەکانیان ئافرەت بووین و ٣ دانەشیان نیوە یان زیاتری ئەندامانی ئەنجوومەنی یاسادانانیان ئافرەت بووین. لە جیهاندا، ئافرەتان تەنیا ٢٨.٢٪ پێگە بەڕێوەبەرایەتییەکانیان لە ساڵی ٢٠٢١ لەژێر دەستدا بووە (تەنیا ١٪ بەرز بووەتەوە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە)، هەرچەندە نزیکەی ٤٠٪ فەرمانبەران ئافرەت بووین.

ئامانجی ٥.٦: بەگوێرەی زانیارییەکانی ٦٨ وڵات لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧-٢٠٢٢، تەنیا ٥٦٪ ئەو ئافرەتانەی تەمەن ١٥-٤٩ ساڵن و هاوسەرگیریان کردووە یان لە پەیوەندیدان خۆیان بڕیار لەسەر منداڵخستنەوە و مافە سێکسییەکانیان دەدەن، ئەمەش لە تێکڕای ٣٧٪ لە ناوچەکانی باشووری ساهارای ئەفریقا بۆ ٨٠٪ لە هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکای باشوور و کاریبی دەگۆڕێت. لەنێوان ١١٥ وڵات کە زانیارییەکانیان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەردەستن، وڵاتان بە گشتی ٧٦٪ ئەو یاسایانەیان چەسپاون کە پێوەستن بە یەکسانی لە مافی سێکسی و منداڵخستنەوە.

ئامانجی ٥.ئەی: زانیاری بەردەستی ٤٦ وڵات لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠٢٠ پیشانی دەدەن زۆربەی ئەو ئافرەت و پیاوانەی لە بواری کشتوکاڵ ئیش دەکەن، خاوەنی زەوییە کشتوکاڵییەکان نین. لە سێیەکی وڵاتەکان، کەمتر لە نیوەی ئافرەتان و پیاوان خاوەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانن. لە نزیکەی نیوەی وڵاتان، ژمارەی ئەو پیاوانەی خاوەنی زەوی و زارن بە لایەنی کەم دوو ئەوەندەی ژمارەی ئافرەتەکانە. لەو ٦٨ وڵاتەی ڕاپۆرتیان لەسەر مافەکانی ئافرەت بۆ خاوەندارێتی زەوی و زار لە ساڵی ٢٠٢٢ داوە، نزیکەی ٣١٪ بە شێوەیەکی کاریگەر پارێزگاری لەو مافانەی ئافرەتان دەکەن (بە پلەی ٥ لە ٦)، لە کاتێکدا ٤٧٪ بە باشی ئەو مافانە بەرقەرار ناکەن (بە پلەی ٣ لە ٦ یان نزمتر).

ئامانجی ٥. بی: لە جیهاندا، ٧٣٪ دانیشتوانی تەمەن پتر لە ١٠ ساڵان خاوەنی مۆبایل بووین لە ٢٠٢٢، لە ٦٧٪ـی ساڵی ٢٠١٩ بەرزبووەتەوە. ئافرەتان بە ڕێژەی ١٢٪ ئەگەرییان لە پیاوان کەمتر بووە بۆ ئەوەی خاوەنی مۆبایل بن –ئەم بۆشاییەش لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە نەگۆڕاوە.

ئامانجی ٥. سی: بەگوێرەی زانیارییەکانی ١٠٥ وڵات و ناوچە بێت لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨-٢٠٢١، ٢٦٪ وڵاتانی جیهان سیستەمی گشتگیریان هەن بۆ ئەوەی چاودێری پرسی یەکسانی جێندەری بکەن و بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، ٥٩٪ وڵاتان هەندێک تایبەتمەندی سیستەمیان تێدا بەرجەستەن، بەڵام ١٥٪ وڵاتان کەمترین توخمە پێویستەکانی ئەو سیستەمانەیان تێدا نین.

 

لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

سه‌رچاوه‌
سه‌رچاوه‌ری سه‌ره‌كی بابه‌ته‌كه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button