هه‌واڵ

حکوومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی بە یاسای بودجە ڕادەگەیەنێت

زێدپرێس

لە کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق لە بەغدا، پابەندبوونی تەواوەتی حکوومەتی هەرێم بە ناوەڕۆکی یاسای بودجەی فیدڕاڵی ڕاگەیەنراوە و سەرەتای هەفتەی داهاتوویش شاندی هەولێر و بەغدا درێژە بە گفتوگۆکانیان دەدەنەوە.

د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەم ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەغدا، وەکو شاندی هەرێمی کوردستان درێژەیان بە کۆبوونەوەکان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی عێراق دا.

“لە کۆبوونەوەکەدا بەرچاوڕوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەلایەن شاندی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو”، د. ئومێد سه‌باح وای گوت.

ڕوونی دەکاتەوە، “جەختمان کردەوە لە دابینکردن و ناردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدڕاڵی و پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەبوونی تێبینیان لەسەر نادەستوری چەند ماددەیەک، بەڵام ئامادەیی تەواوی خۆیان دەربڕی بە پابەندبوونیان لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەدا و حکوومەتی عێراقیش لە کۆبوونەوەکەدا پشتڕاستی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کردەوە”.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاماژە بەوەش دەدات، هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا بە واژووکردنی دوو کۆنووس و  تێڕوانین و لێکتێگەیشتنەکان کە لە ئەنجامی دوا گفتوگۆکان هاتوونەتە ئاراوە، گەیشتنە ئەنجام، بڕیار وایە سەرەتای هەفتەی داهاتوو  شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا درێژە بە گفتوگۆکانی بداتەوه.

زیاتر دەڵێ، شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا جەختیان لە وردبینیکردن بۆ بەهێزتربوون و شەفافیەتی پڕۆسەکە کردەوە، کە دیوانی چاودێری دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم لە هەفتەی داهاتوو کار لەسەر وردبینیکردن لەو پرسانە بکەن، کە لە پرۆژە یاسای بودجەدا هاتوون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...