هه‌واڵ

گۆڕان: ویستوومانە ئەفسەرەکانمان وەک ئەفسەرانی پارتی و یەکێتی حیساب بکرێن

زێدپرێس

هۆبەی ئەفسەرانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، بۆ کەمکردنەوەی ئەو سزا سیاسی و غەدرانەی لە ئەفسەرەکانیان دەکرێت، لەڕێگەی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆوە، هەوڵیانداوە، پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرەکانیان وەک ئەوانەی پارتی و یەکێتی حیسابیان بۆ بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، هۆبەی ئەفسەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردنەوە، لەبارەی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لەمەڕ بەرزکردنەوەی پلەی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ بڵاودەکرێنەوە.

ڕوونکردنەوەکە بەناوی لیوای مافپەروەر تەها ئەوڕەحمان حەمە عەزیز نوێنەری هۆبەی ئەفسەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوکراوەتەوە و وێڕای دداننان بە ڕاستی ئەو نووسراو و بەڵگەنامەی سەبارەت بە بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەم پلە بەرزکردنەوانە لە ڕێگای وەزارەتەکانی خۆیان و بەپێی هەمان یاسا و ڕێنمایی کراوە، کە پلەی ئەفسەرانی پارتی و یەکێتی پێ بەرزکراوەتەوە و ئەوەش لەسەر حیسابی مافی خەڵکی دی نەبووە.

نوێنەری هۆبەی ئەفسەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەوەش دەکات، گۆڕان لە ساتی دروستبوونیەوە تا ئێستا لە هەوڵی بە سیستماتیککردنی دامودەزگاکان و بە نیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و باقی هێزە چەکدارەکان بووە و چەندین هەوڵ و پڕۆژەی هەبووە، بەڵام وەک دەردەکەوێت، شکستیان لە هەوڵەکانیان هێناوە و لەبری ڕاستکردنەوەی دۆخەکە، هاوشێوەی هەردوو هێزە حوکمڕانەکە، بوونەتە بەشێک لە سیستەمەکە.

نوێنەری هۆبەی ئەفسەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا، دەڵێ، “لەناو وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و هێزە چەکدارەکان، ئەو کەسانەی کە لەدەرەوەی پارتی و یەکێتین لە هیچ شوێنێک جێگەیان بۆ ناکرێتەوە و لە پایەکانیان دوورخراونەتەوە؛ هەمیشە سزای سیاسی دەدرێن و تەنانەت لە پلە بەرزکردنەوەکانیشیان بێبەش دەکرێن”، ئەوەش وەک پاساوێک بۆ داواکارییەکەی بزووتنەوەی گۆڕان، بە ئاڕاستەی بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرەکانی سەر بە حزبەکە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، چەند نووسراو و بەڵگەنامەیەک بڵاوکرانەوە، کە تیایدا بزووتنەوەی گۆڕان داوای بەرزکردنەوەی ژمارەیەک لە ئەفسەرەکانی سەر بە گۆڕانی دەکرد و ئەوەش وا لێکدرایەوە، کە بزووتنەوەکە، هاوتای پارتی و یەکێتی، خەریکی کارکردنە بۆ کادیرەکانی، لەبری هەوڵدان بۆ ڕاستەڕێکردنی گشتی دۆخەکە.

هەبوونی هێزی چەکداری حزبی، یەکێک لە گرفتە بنچینەییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم بونیادنانی هێزی سەربازی نیشتمانییە لە کوردستاندا.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکەی نوێنەری ئەفسەرانی بزووتنەوەی گۆڕان

نوێنەری هۆبەی ئەفسەرانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، چەند رۆژێکە لە هەندێک پەیج و سۆشیال میدیا، بزوتنەوەی گۆڕان بە ئامانج گیراوە سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەی لیستێک لە ئەفسەران، کە مێژوەکەی بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان لە ساتی دروست بونیەوە تاکو ئێستا لە هەوڵی بە سیستماتیک کردنی دام و دەزگاکان و بە نیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و باقی هێزە چەکدارەکان بوە و چەندین هەوڵ و پڕۆژەی هەبووە، ئێمەش وەک ئەفسەران چەندین پڕۆژە و پێشنیارمان داوە بە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ لەوبارەیەوە.

لەناو وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و هێزە چەکدارەکان، ئەو کەسانەی کە لەدەرەوەی پارتی و یەکێتین لە هیچ شوێنێک جێگەیان بۆ ناکرێتەوە و لە پایەکانیان دورخراونەتەوە؛ هەمیشە سزای سیاسی دەدرێن و تەنانەت لە پلە بەرزکردنەوەکانیشیان بێبەش دەکرێن، وەک هاوڕێکانیان حسابیان بۆ ناکرێ بۆ کەمکردنەوەی ئەو سزا سیاسییە و غەدرانەی لەو ئەفسەرانە کراوە، ئێمە لە رێگای وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆوە هەوڵمانداوە کە پلەبەرزکردنەوەکانیان رانەگیرێ و وەک هاوڕێکانیشان حسابیان بۆ بکرێت.

وە ئەم پلە بەرزکردنەوانەش لە رێگای وەزارەتەکانی خۆیان بۆیان کراوە بەپێی هەمان یاسا و رێنمایی، کە ئەفسەرانی پارتی و یەکێتی پێ بەرزکراوەتەوە، واتە حەقێکە بۆیان گەڕاوەتەوە، نەوەک مافی خەڵکی دیکەیان لە دەرەوەی یاسا خواردبێت.

 

لیوای مافپەروەر

تەها ئەوڕەحمان حەمە عەزیز

نوێنەری هۆبەی ئەفسەران

٢٠/٧/٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...