هه‌واڵ

دەستەی مافی مرۆڤ داوای ڕوونکردنەوە لە دەزگا ئەمنییەکانی دهۆک دەکات

زێدپرێس

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای ڕوونکردنەوە لە دەزگا ئەمنییەکانی شاری دهۆک دەکات، لەمەڕ دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی و هاوکات ڕای دەگەیەنێت، سەرکۆنەی هەر دەستگیرکردنێک دەکەن، ئەگەر بە فەرمانی دادوەر نەبێت و لەلایەن هەر دەزگایەکەوە بکرێت.

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی ڕۆژنامەوانی لەمەڕ دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی شاری دهۆک دەرکرد و ڕای گەیاند، داوای ڕوونکردنەوە لە دەزگا ئەمنییەکانی شاری دهۆک دەکەن و سەرکۆنەی هەر دەستگیرکردنێک دەکەن، کە فەرمانی دادوەری لەگەڵ نەبێت.

لە ڕاگەیەنراوەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤدا، ئومێد بەرۆشکی وەک “هاووڵاتییەک” ناوبردراوە و ئاماژە بە ناسنامەی ڕۆژنامەوانی یان ئەو وەک چالاکیی مەدەنی نەکراوە.

ڕاگەیەنراوەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، دوای ئەوە دێت، کە ئومێد بەرۆشکی، کە یەکێک بوو لە ڕۆژنامەوانە دەستگیرکراوەکانی بادینان و دوای چەند جار گرتن و ئازادکردنی، ١٩ی تەمووز، لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی، ئامادەی دانیشتنی دادبینی شێروان شێروانی بوون، کە لە دادگەی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا شێروانی بەگوێرەی هەردوو مادەی ١٩٥ و ١٩٨ی یاسای سزادانی عێراقی تاوانبار کرا و سزای چوار ساڵ زیندانی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.

جارێکی دی سزادانی شێروان شێروانی، نیگەرانی و ناڕەزایەتی توندی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا. ئومێد بەڕۆشکی یەکێک لەو کەسانە بوو، کە دوای بڕیاری دادگەی کەتن و هاتنە دەرەوەیان لە دادگە، لە بەردەم دادگەی هەولێر بۆ میدیاکان دوا و بەتوندی ڕەخنەی لە شێوازی بەڕێوەچوونی دادبینییەکە و بڕیاری دادگە گرت و وەک ئەوانی دی، جەختیان لەسەر دەستێوەردانی کەسی و سیاسی لە دۆسیەی دادگاییکردنەکە کردەوە.

پاش گەڕانەوەی بۆ دهۆک، شەوی ٢٠/٢١ی تەمووز، بەرۆشکی لەلایەن هێزیکی ئەمنییەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستگیر کرا و بردرا.

لە ڕاگەیەنراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤدا هاتووە “ئەو جۆرە دەستگیرکردن و شێوازە، دوورە لە ڕێکارە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ، و خزمەتی ناوبانگی هەرێم ناکات بەرانبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دیموکراتخواز”.

زیاتر دەڵێ “ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی هەموو شێوازێکی دەستگیرکردن دەکەین ئەگەر فەرمانی دادوەر لەگەڵی نەبێت، لەلایەن هەر هێزێکی ئەمنییەوە بێت، ئەو جۆرە دەستگیرکردن و شێوازە دوورە لە ڕێکارە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ، و خزمەتی ناوبانگی هەرێم ناکات بەرانبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دیموکراتخواز”.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکە، کە لە ٢١ی تەمووزدا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە “دەستەی مافی مرۆڤ بەتەواوەتی پشتیوانی لە سەروەری یاسا و بوونی فەرمانی دادوەر دەکات بۆ هەر داواکراوێک. لای خۆمانەوەش بۆ ئەو مەبەستە نووسینگەی دهۆکی مافی مرۆڤمان ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکانی شاری دهۆک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ناوبراو و ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو هێزەی بردوویانە”.

هەر دوێنێ هەینی ٢١ی تەمووزی ٢٠٢٣، ئومێد بەرۆشکی ئازاد کرا.

پارێزگاری دهۆک ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئازادکردنی بەرۆشکی بڵاوکردەوە و ڕای گەیاند، “دوای ئەوەی ئومێد بەرۆشکی لەسەر هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە کارەکەی خۆی لە دهۆک دەستبەسەر کرا، ئەمڕۆ هەینی لەسەر فەرمانی بەڕێز مەسرور بارزانی ئازاد کرا”.

ئومێد بەرۆشکی لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٠، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان لە دهۆک، لەگەڵ ژمارەیەک چالاکیی مەدەنی سنوورەکە دەستگیر کرا. ڕۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، لەلایەن دادگەی کەتنی دهۆکەوە بە ساڵێک زیندانیکردن و پێبژاردنی ٢٠٠ هەزار دینار، بەگوێرەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و یاسای سزادانی عێراقی سزا درا.

پاش مانەوەی ساڵێک و حەوت مانگ لە زیندان، لە ڕێککەوتی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢ ئازاد کرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...