هه‌واڵ

لە هەولێر بارەگای بزووتنەوەی ئیسلامی داخرا و لە سلێمانی فەرمانی گرتن بۆ ڕابەری گشتی دەرکرا

زێدپرێس

 

لە شاری هەولێر بارەگای مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی داخرا و لە سلێمانی فەرمانی گرتن بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوەی  ئیسلامی دەرکرا.

 

ئەمڕۆ دووشەم ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣، بەرپرسانی بزووتنەوەی ئیسلامی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایانگەیاند، ئێوارەی دوێنێ یەکشەم ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣، لەلایەن هێزێکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بارەگای بزووتنەوەکەیان لە هەولێر داخراوە و قوفڵ لە دەرگای بارەگاکەیان دراوە، بە پاساوی ئەوەی نابێت دوو حزب بە یەک ناو و یەک لۆگۆ هەبن.

بەرپرسانی بزووتنەوەکە، ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو هێزە ئەمنییەی هاتوونەتە سەر بارەگاکە، فەرمانی دادگا و دادوەریان نەبووە.

محەمەد بازیانی گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، “بەداخەوە، شۆک بووین، کە دوێنێ لە مێژووی کوردستاندا، هەر لە دوای دامەزراندنی حکوومەتی هەرێم و ڕاپەڕینەوە، بۆ یەکەمجار بەبێ هیچ هۆکار و پاساوێک، بەو شێوازە ئاڵای حزبێک دادەگیرێت کە ناوی خوای لەسەرە و لۆگۆی حزبەکە دەخرێتە ژێر پێ و لە دیواری بارەگاکە دەکرێتەوە”.

بازیانی ئاشکرای کرد، “ئێمە تا کاتژمێر ٣:٠٠ی ئێوارە لە بارەگا بووین، دەیانتوانی بەشێوەیەکی شارستانی بێن و بڵێن شتێکی وا هەیە، دوو پاسەوانی ئێمە لەوێ بوون و پاسەوانەکانیان دەرکردووەتە دەرەوە و تەنانەت مۆبایلەکانیشیان لێ سەندوون، ئەو حاڵەتە شێوازێک لە دڕندایەتی پێوە دیارە، لەکاتێکدا ئێمە سەرچاوەی ئاشتی و ئارامی بووین”. زیاتر گوتی “چل پەنجا کەس هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو بارەگایە کە دوو پۆلیسی لێ بووە”.

بزووتنەوەی ئیسلامی کێشەی ناوخۆیی هەیە و ئێستا بوونەتە دووباڵ، باڵێکیان لەلایەن کامیل حاجی عەلی ڕێبەرایەتی دەکرێت و باڵەکەی دی لەلایەن عیرفان عەلی عەبدولعەزیزەوە و هەر دووکیشیان خۆیان وەک ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەناسێنن.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، محەمەد بازیانی گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی-باڵی کامیل حاجی عەلی، باسی لەوە کرد، کە بە دوو شێواز و دووفاقانە مامەڵە لەگەڵ یاسا دەکرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بەو مانایەی کە ئاستەنگ دەخرێتە بەردەم باڵێکی حزبەکە و کارئاسانی بۆ باڵەکەی دی دەکرێت.

بازیانی داوای ڕوونکردنەوەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئایا ئەوەی ڕوودەدات، سیاسەتی خودی خۆیانە یان بەشێک لە پارتی، “ئێمە پێمان وایە ئەوە هەموو ڕوانگەی پارتی نییە، ئەگەر هەموو پارتی لە پشت ئەو کارەیە، ئەوە سوکایەتییە بەو دیموکراسیەتەی باسی دەکرێت”.

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئاماژەی بە فەرمانی گرتنی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز کرد و گوتی “لە دادگا داوای ئەو کەسە کراوە، کە بانگەشەی سەرکردایەتی بزووتنەوە دەکات، ماڵەکەیان پەنجا مەترێک لە بنکەی پۆلیسەوە دوورە و نایەتە بەردەم یاسا، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت ڕێزێکی یاسا بگرێت، ئەگەر دەگوترێت یاسا سەروەرە، ئەو سەروەری یاسایە لە کوێیە؟”.

لەلایەکی دیکە و هەر ئەمڕۆ دووشەم، لەلایەن چەند نووسراوێکی پێوەست بە فەرمانی گرتن بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوە، دزەیان پێکرایە ناو میدیا و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە.

هەرچەند، ئەمڕۆ دووشەم فەرمانی گرتنی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بڵاوکراوەتەوە، بەڵام وەک لە ڕێککەوتی سەر نووسراوی دادگای لیکۆڵینەوە بە ژمارە ٩٦٢/٢٠٢٣ دەردەکەوێت، لە ڕێککەوتی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣ و پێش زیاتر لە پێنج مانگ فەرمانی گرتن بۆ ناوبراو دەرکراوە. فەرمانەکە بە مۆر و واژۆی دادوەر جەمیل جەمال محەمەد و ئاڕاستەی گشت ئەندامانی پۆلیس کراوە، وەک ڕێپێدان بۆ دەستگیرکردنی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و وەک “ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی”یش ناسێنراوە.

هەروەها بەپێی نووسراوێکی بەشی پۆلیسی ناوشار، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بە ژمارە (١١٩٦٦)ی ڕێککەوتی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣، گشتاندن کراوە بۆ پۆلیس و بەمەبەستی گرتنی ناوبراو.

لەو نووسراوەشدا، ئاماژە بە نووسراوێکی بنکەی پۆلیسی کوردسات لە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٣ کراوە، کە پاڵپشت بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی لە ١٠ی ئایاردا، بڕیاردراوە بە “گشتاندنی فەرمانی گرتنی تۆمەتبار عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بەپێی مادەی ٤٣٢ لە یاسای سزادانی عێراقی”.

بەپێی هەژماری تایبەت بە ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کە تەرخانکراوە بە بڵاوکردنەوەی کار و چالاکییەکانی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ناوبراو لە ١ی تەمووزی ئەمساڵەوە، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە و سەردانی ناوەندەکانی بزووتنەوە و کەسایەتییەکانی لە هەڵەبجە و هەورامان هەبووە و ئەو دیدار و کۆبوونەوانەیش تا نزیکەی دوو هەفتە بەردەوام بوون.

دوێنێ یەکشەم، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە شاری هەولێر و سەردانی ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی کردووە.

وا دەردەکەوێت، پێوەندییەک لە نێوان داخستنی بارەگای بزووتنەوەی ئیسلامی-باڵی کامیل حاجی مەحموود لە هەولێر و بڵاوکردنەوەی فەرمانی گرتنی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز  لە سلێمانی و و دزەپێکردنی بۆ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان  هەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...