هه‌واڵ

بانکی ڕاوێژکاری ئیسلامی تێوەگلان لە مامەڵەکردنی گرووپە قەدەغەکراوەکان ڕەت دەکاتەوە

زێدپرێس- شکۆ شێرکۆ

 

بانکی ڕاوێژکاری ئیسلامی، لە وەڵامی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت دا، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و هەر تۆمەتبارکردنێکی بانکەکە ڕەت دەکاتەوە، بە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو وڵات و کەسانەی مامەڵەکردن لەگەڵیان قەدەغەکراوە.

 

بانکی ڕاوێژکاری ئیسلامی، ڕوونکردنەوەیەکی ئاڕاستەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و دەیڤد ئێس. کڵاود ڕیپۆرتەری ئەو ڕاپۆرتە کرد، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاشکرای کرد، ١٤ بانکی عێراقی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و گرووپە قەدەغەکراوەکان تێوەگلاون و لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی ڕەشەوە و لەمەودوا بۆیان نییە هیچ مامەڵەیەک بە دۆلارەوە بکەن، بانکی ڕاوێژکاری ئیسلامی یەکێک لە بانکە ئاماژەبۆکراوەکان بوو.

بانکەکە، لە ڕوونکردنەوەیەکدا، سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە، ڕووبەڕووی کراونەتەوە و لەپاڵیشیدا، کار و چالاکییەکانی خۆی لەماوەی دامەزراندنییەوە، دەخاتەڕوو.

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

ڕوونکردنەوە لەسەر چالاکییەکانی بانک و ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان

 

بەڕێز دەیڤد ئێس. کڵاود

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ

ئەم نووسراوە وەڵامدانەوەی ئەو ڕاپۆرتەتە کە لە ١٩ی تەمووز لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت بڵاوت کردووەتەوە، تێیدا بانکەکەمان تۆمەتبارکرابوو بە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو وڵات و کەسانەی مامەڵەکردن لەگەڵیان قەدەغەکراوە. جەخت لەوە دەکەینەوە کە بە توندی گشت ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە.

وەک دامەزراوەیەکی مکوڕ بە ڕاگرتنی بەرزترین ستانداردەکانی پابەندی و شەفافیبوون، ئێمە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵات و کەسە قەدەغەکراوەکان  ڕەت دەکەینەوە. چالاکییەکانی بانکەکەمان گوێڕایەڵانە لە چوارچێوەی مەرج، سزا و یاساکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتییە.

ئێمە بە شانازییەوە لە هەوڵی بەردەوامی پێدانی پڕۆگرامێکی پابەندیی چڕوپڕین و ئەوەش بەردی بناغەی کردەوەکانمانە. پڕۆسە و مەرجە یاسایییەکانمان بە شێوەیەک داڕێژراون، ڕێگری بکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەوارە سزادراوەکان، هەروەها بە بایەخەوە چاودێری پڕۆسە و لێکۆڵینەوە نوێیەکان دەکەین بە مەبەستی پابەندبوونی بەردەوام.

لە هەمان کاتدا، ئاگاداری دەرەنجامەکانی ناپابەندبوونین بە سزا نێودەوڵەتییەکان و ئەو کاریگەرییانەی بەسەر سەقامگیری دارایی جیهانەوە دەیانبێت. بۆیە، پێداگر لەسەر پابەندبوونمان دەمێنینەوە بۆ  دڵنیابوونمان لەوەی دامەزراوەکەمان خۆی لە مامەڵە قەدەغەکراوەکان بەدوور دەگرێت.

بەدەر لەوە، پێمان باشە سوود لەم دەرفەتە ببینین بۆ ئاماژەدان بە زانیاریی دیاریکراوی پێوەست بە چالاکییەکانی بانکەکەمان لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان لە ساڵی ٢٠١٩ تاوەکوو ٢٠٢٢، کە ئەمەش خزمەتەکانمان بە بواری دارایی عێراق و ئابووری گشتی دەردەخات:

١. تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژە گەورەکان: لە ماوەی ئاماژەپێکراو، بانکەکەمان نزیکەی ٩١ ملیار دیناری بۆ پڕۆژە پیشەسازییە هەمەجۆرەکان دابینکردووە. ئەم پڕۆژانە ڕۆڵێکی کاریگەرییان لە هاندانی گەشەی ئابووری و دروستکردنی هەلی کار لە عێراق بینیوە. ٢. تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون: دامەزراوەکەمان چالاکانە بەشداری لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کردووە، نزیکەی ٢٦ ملیار دیناری تێیاندا بەگەڕخستووە. ئەم دەستپێشخەرییانە چارەسەریی کێشەکانی نیشتەجێبوونیان لە کۆمەڵگەی هەمەجۆر کردووە و سوودیان بە بڕێکی بێژمار لە خێزان گەیاندووە.

٣. تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان: پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان بۆ گەشەی ئابووری هەموو نەتەوەیەک پێویستن. بانکەکەمان ڕۆڵێکی کاریگەری لەم سێکتەرە بینیوە بە دابینکردنی نزیکەی شەش ملیار دینار بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەی ئەم پڕۆژانە و دروستکردنی ڕۆحی دەستپێشخەرییانە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان.

٤. سوودەکان و سنوورە جوگرافییەکان: کاریگەری چالاکییەکانی بانکەکەمان پترە لە پاڵپشتی دارایی بەتەنیا. ٤٩٥ کەس و بزنس سوودیان لە پارە دابینکراوە باسکراوەکان بینیوە. ئەم سوودانە بە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقدا بڵاوبوونەتەوە، بەمەش هۆکار بووین بۆ گەشەی ئابووریی یەکسان و دادوەرانە.

ئامادەیی بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێکی دیکە لەسەر ڕێکارەکانی پابەندبوون و کردەوەکانی بانکەکەمان یان هەر بابەتێکی پەیوەندیدار پیشان دەدەین. ئێمە بەردەست و خوازیارین لە بەشداریکردن لە گفتوگۆی بنیادنەرانە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەخنە و پرسیارەکان لەسەر هەر ڕەهەندێک کە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەبێت.

سوپاس بۆ گرنگیدانت بەم باسە، هەروەها چاوەڕێی ڕاپۆرتی بێلایەنانەتین پابەند بە پڕەنسیپەکانی ڕۆژنامەوانی و نواندنی لەجێ و ورد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...