هه‌واڵ

زانكۆی سه‌لاحه‌دین چەند موژدەیەک بۆ ‌وه‌رگیراوانی ماسته‌ر و دكتۆرا ڕادەگەیەنێت

زێدپرێس

 

زانكۆی سه‌لاحه‌دین، ڕای دەگەیەنێت، سەردانی سەرۆکی زانکۆکە بۆ ئیتاڵیا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سێ زانکۆی وڵاتەکە، ئەنجام و دەستکەوتی “زێڕین”ی هەبووە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣، ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ئەنجام و دەستکەوتەکانی سەردانی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بۆ ئیتاڵیا و کۆبوونەوەیانی لەگەڵ سێ زانکۆی وڵاتەکە بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، کۆبوونەوە و دیدارەکان چەندین ئەنجامیان هەبووە، لەناویاندا واژۆکردنی ڕێککەوتنێک بۆ ناردنی قوتابییانی تازە وەرگیراوی ماستەر و دکتۆرا بۆ زانکۆکانی ئیتاڵیا، لە ئایندەیەکی نزیکیش بۆ هەموو ئەوروپا، بۆ ئەنجامدانی بەشێک لەکاری پراکتیکی توێژینەوەکانیان بۆ ماوەی ساڵێک.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

ڕێككه‌وتی ١٩ – ٢١ی تەمووزی ٢٠٢٣، د. كامه‌ران یونس محەمەدئه‌مین سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە یاوەری د. هەوراز ئیبراهیم محەمەدئەمین مامۆستا لە کۆلێژی زانست، زنجیره‌یه‌ك سه‌ردانی بۆ چه‌ند زانكۆیه‌كی به‌ناوبانگی ئیتاڵیا ئەنجامدا، بۆ مه‌به‌ستی دەرفەتی ئەنجامدانی چالاکی زانستی و ئەکادیمی بۆ توێژەرانی زانکۆ و ئەنجامدانی بەشێک لەکاری پراکتیکی توێژینەوەکانیان.

ئه‌م زانكۆیانه‌ بریتیبوون لە :

١. زانکۆی پاڤیا

٢.  زانکۆی پیەمۆنتێ

٣. زانکۆی گاسترۆنۆمیل

مەبەست لە سەردانی سەرۆکی زانکۆ دروستکردنی پەیوەندی زانستی و کردنەوەی دەرگای زانکۆی سەلاحەدین بەڕووی زانکۆکانی دەرەوە و ئەنجامدانی توێژینەوە و کۆنفرانسی هاوبەش بەتایبەت ڕەخساندنی دەرفەت بۆ قوتابییانی تازە وەرگیراو لە ماستەر و دکتۆرا تا بتوانن بەشێک لەکاری پراکتیکی توێژینەوەکانیان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەوروپا و ئیتالیا ئه‌نجام بدەن .

بۆ ئەم مەبەستەش چاوپێکەوتن و کۆبو٢نەوەی گرنگ و بەرهەمدار لە نێوان شاندی زانکۆی سه‌لاحه‌دین و هەر سێ زنکۆی ناوبراو لە ئیتاڵیا ئەنجامدرا، دوای گۆڕینەوەی بیروڕا و دراسەکردنی ڕێکاری ئەنجامدانی پرۆژەکە، خۆشبەختانە سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ هەرسێ زانکۆی ناوبراو رێکەوتنامەی لێکتێگەیشتن (MOU) واژۆکرا و ئەمەش بەدەستکەوتێکی گەورەو مێژوویی بۆ زانکۆ هەژمار دەکرێت.

ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لە دەستکەوت و دەرئەنجامەکان.

١. واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی لێکتێگەیشتن (MOU) لەنێوان زانکۆی سه‌لاحه‌دین و هەرسێ زانکۆی ناوبراو لە ئیتاڵیا کە ئەمەش دەبێتە کلیلی کردنەوەی ئەنجامدانی چالاکی زانستی و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەى هاوبەش و چەندەها چالاکی بەنرختر لە نێوان هەردوولا.

٢. ڕاگەیاندنی مژدەیەکی گەورە و دڵخۆشکەر لەلایەن زانکۆی سه‌لاحه‌دین بۆ قوتابییانی تازە وەرگیراو لە ماستەر و دکتۆرا، ڕێککەوتنامە واژۆكرا بۆ ناردنی قوتابییان بۆ زانکۆکانی ئیتاڵیا، لە ئایندەیەکی نزیکیش بۆ هەموو ئەوروپا بۆ ئەنجامدانی بەشێک لەکاری پراکتیکی توێژینەوەکانیان بۆ ماوەی (١) ساڵ.

٣. لەسەرئاستی توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ، زانکۆی سه‌لاحه‌دین توانی ڕەزامەندی خوێندنی (post doctorate) دوای دکتۆرا بۆ توێژه‌ران دەستەبەر بکات، لەم بارەیەوە رێککەوتن واژووکرا بەناردنی توێژەران بۆ زانکۆکانی ئیتالیا بۆ خوێندنی دوای دکتۆرا.

٤.  لەسەرئاستی قوتابییانی زانکۆ، زانکۆی سه‌لاحه‌دین خۆشبەختانە رێکەوتنی واژووکردووە و بۆیەکەم جار لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان بەناردنی (٣) یەکەمەکانی پڕۆژەی باشترین توێژینەوە بۆ زانکۆکانی ئیتاڵیا بۆ ماوەی (٣) مانگ.

٥. ناردنی مامۆستایانی زانکۆ بۆ زانکۆکانی ئیتالیا بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لە ژێرناونیشانی (viditing pfofesor) بۆ ماوەی (٣-٦) مانگ.

٦. ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بەبەشداری توێژەری گەورەی ئیتالی لە بواری جیاجیا.

٧. ناردنی توێژەران بۆ ڕاهێنان لە سەر ئامێری تایبەت.

٨. کردنەوەی کۆلیژ و بەشی تازە لە زانکۆی سه‌لاحه‌دین بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆکانی ئیتاڵیا.

لە کۆتاییدا، جێگای ئاماژەپێکردنە، ئەم خاڵانەی سەرەوە بەزووترین کات دەکەونە بواری جێبەجێکردن و ڕێکاری پێویست لەلایەن زانکۆمان دەگیرێنەبەر بۆ ئەنجامدانیان.

 

ڕاگه‌یاندنی زانكۆی سه‌لاحه‌دین-هه‌ولێر.

٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...