داشکانی بەهای دینار عێراق لە هەرەسهێنان نزیک دەکاتەوە
زێدپرێس
ئەمڕۆ سێشەم ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٣، سیپان شێروانی ئەندامی لێژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، هەناردەی نایاسایی دۆلار بۆ وڵاتانی گەمارۆدراو، بووەتە هۆی ئەوەی كە سەدان ملیار دۆلاری عیراق، ناتوانێت بەهای دینار جێگیر بكات لەلایەک و لەلایەكیتر ئەم دیاردەیە خەریكە عێراق بەرەو گەمارۆیەكی مەترسیدار دەبات.
شێروانی ئاماژەی دا، “هەناردەكردنی نایاسایی دۆلار بۆ وڵاتانی گۆمارۆدراو، خیانەتێكی نیشتمانی و گورزێكی كوشندەی دارایی و ئابوورییە لە هاووڵاتیانی عێراق دەدرێت، ئەگەر ئەم سیاسەتە هەڵەیە بەردەوام بێت دوورنییە داشكانی بەهای دیناری عێراقی بگاتە ئاستێك كە وڵات بەرەو هەرەسهێنان ببات”.
ئەندامەکەی لێژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێداگیرییەوە دەڵێ “دەبێت حكوومەتی عێراق ئەو ملیاران دۆلارەی كە سەنت بە سەنتی تەنیا مافی گەلانی عێراقە، تەنیا و تەنیا بۆ بەرژەوەندی گەلانی عێراق بەكاربهێنێت نەك بۆ بەرژەوەندی سیاسی چەند حزبێك كە خەریكە ٤١ ملیۆن هاووڵاتی عێراقی تووشی بارگرانی و قەیرانێكی قوڵی ئابووری بكەن”.
هەروەک ئاماژە دەدات “بەرلەوەی كار لە كار بترازێت و هیچ چارەسەر نەمێنێت، پێویستە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی فیدراڵی لە پێناو ڕێگریكردن لە هەرەسهێنانی وڵات، هەرچۆنێك بووبێت سنورێك بۆ هەناردەی نایاسایی دۆلاری عێراق بۆ ئەم وڵاتانە دابنێت”.