هه‌واڵ

حکوومەتی هەرێم پێداگیری لەسەر جیاکردنەوەی مووچە لە شایستە داراییەکانی دی دەکات

زێدپرێس

 

عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی داواکراوە، مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، لە کۆی خەرجییە ڕاستەقینەکان و شایستە داراییەکانی هەریمی کوردستان جیا بکرێتەوە و مووچەی مووچەخۆران بەگشتی تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە نەکرێت.

 

عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند، وەک تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنی عێراقی، بە فەرمی داوامان کردووە، مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، لە کۆی خەرجییە ڕاستەقینەکان و شایستە داراییەکانی هەریمی کوردستان جیا بکرێتەوە و تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە نەکرێت و ئەو داواکارییەش تۆمار و جێگیرکراوە.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕوونی کردەوە، مووچە بەشێک نییە لە خەرجییە ڕاستەقینەکان و ناکرێت فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی خەرجکردنی بودجەی گشت پارێزگاکانی دیکەی عێراق بن و ئینجا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

لەو ڕوانگەیەوە تیمی حکوومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ تیمی حکوومەتی عێراقی، پێداگیرییان لەسەر جیاکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران بەگشتی، لە خەرجییە ڕاستەقینەکان کردووە.

ئەو لێدوانەی سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ دووشەم ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣، لە زاری جەمال کۆچەر سەرۆکی فراکیسۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکرایەوە، کە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێی ڕاگەیاندووە، حکوومەتی هەرێم ڕازی نییە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ١٨ی هەموو مانگێکدا لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خەرج بکرێت و زیاتر لە زاری سوودانییەوە دەڵێ “هەرێم داوای کردووە، بودجەی هەرێم بە یەک پاکێج مانگانە بۆ هەرێم بنێردرێت و دواتر حکوومەتی هەرێم خۆی پارەکە خەرج بکات”.

لە بەرانبەردا عەبدولحەکیم خەسرەو، دەڵێ “ئەگەر هەر قسەیەکی دی کراوە، پێم وایە هەڵەتێگەیشتنێک هەبووە یان پێویست بووە ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەن، ئەوانەی ئەو باسەیان وروژاندووە، پێویستە ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەن”.

ئەو دووپاتی دەکاتەوە، تیمی حکوومەتی هەرێم پێداگیری لەسەر جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، لە شایستە داراییەکانی دیکە جیا بکرێتەوە، چونکە پشکی هەرێمی کوردستان چەند پاکێجێکی جیاوازە؛ مووچە جیاوازە لەو بودجەیەی لە سێکتەری وەبەرهێنان هەیە، یان بە نموونە شایستەکانی پێشمەرگە پێوەستن بە بودجەی سیادییەوە و هەریەک لەوانەیش ڕێکار و ڕێوشوێنی خۆی هەیە بۆ دابینکردن.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ئاشکرایشی دەکات، لە بەرانبەر داواکارییەکەی حکوومەتی هەرێمدا، هەندێک کێشە لای تیمی حکوومەتی عێراق هەبووە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە چۆن بتوانرێت پرسی مووچە لە شایستەکانی دی جیا بکرێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو، تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ تیمی حکوومەتی عێراق لەسەر ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی پێوەست بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدڕاڵی زنجیرەیەک دانیشتن و کۆبوونەوەیان ساز کرد. چاوەڕوان دەکرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا، تیمی حکوومەتی هەرێم و عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەنەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...