هه‌واڵ

مونا قاوەچی: پێکهاتەکان خاوەن ماڵن و میوان نین

مونا قاوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان و سکرتێری خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان لە بەرانبەر ئەو هەڵمەتەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بەدژی پێکهاتەکان و پێوەست بە کورسی کۆتا دروستبووە، دەڵێ، پێکهاتەکان خاوەن ماڵن و میوان نین.

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤، مونا قاوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان و سکرتێری خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەو سووکایەتییەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە پێکهاتەکان دەکرێت، نە قبوڵی دەکەن و نە پێی کەم دەبنەوە، بەپێچەوانەوە بەهێزیان دەکات.

قاوەچی، گوتی، “ئەوانەی بە پێکهاتەکان دەڵێن بۆ ماڵەوە، خەیاڵیان خاوە، پێکهاتەکان خاوەنی هەرێمی کوردستان و خاوەن ماڵن و میوان نین”.

زیاتر گوتی: “کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان هەبێت یان نا، لە داهاتوودا بڕیاری خۆیان دەبێت، ئێمە لەبەیانییەوە دەست بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکمان دەکەین و دواتر ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادار دەکەینەوە و داوا دەکەین چیتر بێدەنگ نەبن لە بەرانبەر پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان”.

هەفتەی ڕابردوو، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەر ١١ کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان دەرکرد، کە بەگوێرەی یاسای هەموارکراوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێگیر کرا بوون، ئەوەش نیگەرانی زۆری نوێنەرایەتی و لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەکانی بەتایبەت تورکمان و مەسیحی و ئەرمەنی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...