هه‌واڵ

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: زۆر لایەن هیوایان دەخواست هەولێر و بەغدا ڕێک نەکەون

زێدپرێس

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای دەگەیەنێت، ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەکاتێکدایە، کە زۆر لایەن لە هەرێمی کوردستانەوە، بە هەموو شێوەیەک هیوایان دەخواست هەولێر و بەغدا ڕێک نەکەون و ژیانی خەڵک بکەوێتە نەهامەتییەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بابەتێکی لەبارەی ڕێککەوتنی شاندی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق بڵاو کردەوە و تیایدا باسی لەوە کردووە، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، خۆشبەختانە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، کە لە نزیکترین کاتدا بڕگە و ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق بکەوێتە باری جێبەجێکردنەوە.

زیاتر ئاماژە دەدات، “ئەم ڕێککەوتنەش پاش ئەوە هات، کە جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆی کرد و لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە شاندێک بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن بنێرێتە بەغدا”.

زیاتر دەڵێ “ئەم ڕێککەوتنەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، لە کاتێکدایە، کە بەداخەوە زۆر لایەن لە هەرێمی کوردستانەوە بە هەموو شێوەیەک هیوایان دەخواست هەولێر و بەغدا ڕێک نەکەون و ژیانی خەڵک بکەوێتە نەهامەتییەوە، تاوەکوو ئەوان بتوانن وەبەرهێنان لەسەر بارودۆخی خەڵک بکەن و دەنگی پێ کۆبکەنەوە! لایەنی وایان تێدایە بەداخەوە لە حکوومەتیش بەشدار بووە و لە بەغدا بە کردەییش هەوڵی بۆ ئەوە داوە ئاستەنگ دروست بکات، بەڵام خۆشبەختانە هەموو ئەو لایەنانە شکستیان هێنا و تەنیا ڕیسواییان بۆ مایەوە”.

مەریوان قەرەنی، هەروەها دەڵێ “ئەم ڕێککەوتنە لەم کاتەدا، بۆ هەمووانی سەلماند کە هەرێمی کوردستان بێ خاوەن نییە، بەڵکوو ئەو هەرێمە کە بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلێکە، هەرگیز بەرانبەر بە هیچ پیلانگێڕییەک چۆک دانادات و هەمیشە خۆڕاگری دەکاتە دروشمی مانەوە و خۆپێشخستنی”.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ستایشی حزبەکەی دەکات و پێداگیری دەکات، کە “بۆ هەموو لایەکیش ڕوون بووەوە، کە ‌ته‌نیا پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنه‌رایه‌تیی ڕاستەقینەی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات و پارتی به‌رپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت، بۆیە کاتێکیش بەغدا خۆی لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەدزیەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەمووان هێرشیان دەکردە سەر پارتی.”

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا دەڵێ “لێرەوە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، هۆشیارانە سەیری بارودۆخەکە بکەن و بە چاوی خۆیان ببینن کێ لەم کاتەدا لە خەمی خەڵک بووە و خەوی لە چاوی خۆی زڕاندووە لەپێناو دابینکردنی قووتی خەڵک؟ هەروەها کێن ئەوانەی لە ناخەوە حەز دەکەن خەڵک بێ مووچە و بێ ژیانێکی شایستە بژین؟!” و لە کۆتاییشدا پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ “پیرۆز بێت سەرکەوتنی ئیرادەی خۆڕاگرانەی جەنابی مەسرور بارزانی و خەڵکی کوردستان بەسەر ئەوانەی دەمێکە خۆیان چەماندووە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...