هه‌واڵ

وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوە لەسەر داهات و مووچە و ژمارەی فەرمانبەران دەدات

زێدپرێس

 

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەشی زۆری داهاتی هەرێم بۆ مووچە بەکارهاتووە و دووپاتیشی دەکاتەوە، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم تا ڕادەیەکی زۆر بۆ بەغدا ڕوونە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هونەر جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بەشی زۆری داهات بۆ مووچە بەکارهاتووە و حکوومەتی هەرێم، جگە لە مووچە، کۆمەڵێک خەرجی و بەرپرسیارێتی دیکەی لەسەرشانە، کە ئەوەش مانگانە بڕێکی زۆر دەکات و ئەویش هەر لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە”.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕوونیکردەوە، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا، بڕی ئەو ٧٠٠ ملیار دینارەی بڕیاردراوە بە قەرز بە هەرێم بدات، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی ٢٠-٢٥ی تشرینی یەکەم(ئەم مانگە) بخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێم و بەو جۆرەیش مووچەی مانگی ئاب(٨)ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.

بەگوێرەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم و پاڵپشت بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، مووچەی دوو مانگی دیکە (مانگەکانی ئاب و ئەیلوول)ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای ناردنی ٧٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم بەشێوەی قەرز، گرەنتی کراوە و چاوەڕوانیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی مووچە و شایستە داراییەکان بە ڕێککەوتنێک بگەن.

د. هاوڕێ کەمال ڕاوێژکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم لە هەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ لێژنەی باڵای کۆکردنەوەی داهات و خەرجییەکان کۆبوونەتەوە و قسە لەسەر ئەوە کراوە، بڕی داهات چەندە و دەبێت بە چ شێوەیەک خەرج بکرێت.

ڕاوێژکارەکە گوتی “هەندێک کەناڵی میدیایی باس لە هەندێک ژمارە دەکەن، بەشێوەیەک کە ڕاستییەکەی ناڵێن، ئەوان باسی ٣٢٠ ملیار دەکەن، بەڵام باسی ئەوە ناکەن، کە هەموو ئەو پارەیە بە شێوەی نەخت نایەت، بەڵکوو بەشێکی بۆ وەزارەتەکان و بەشێکی بۆ خزمەتگوزاریی و پێشینەکانە، لەبەرئەوە، ئەو بڕەی دەمێنێتەوە، ژمارەیەکی دیکەیە نەک کۆی ٣٢٠ ملیار دینارەکە”، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو بڕەپارەیە بکات، کە دەمێنێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا چەندی پارەکە بۆ مووچە خەرج دەکرێت، تەنیا گوتی “ئەوەی دەمێنێتەوە زۆر لەو بڕە (٣٢٠ ملیارەکە) کەمترە”.

د. هاوڕێ کەمال زیاتر گوتی “وەک بەشێک لە پڕۆسەی شەفافیەت، هەفتەی داهاتوو تەواوی داهاتەکان بە ژمارە و لەو چوارچێوەیەشدا داهاتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ڕادەگەیەنین و هەرچییەک کە بە حکوومەتی فیدڕاڵی دەگەیەنن، بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشی بڵاودەکەنەوە”.

ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لەبارەی ئەو میدیایانەی کە بە گوتەی ئەو، “کۆمەڵێک هەواڵ و ژمارە بڵاودەکەنەوە، کە هیچی ڕاست نییە”، هۆشداری دا، کە “ڕێگای یاسایی دەگرینەبەر و قبوڵ ناکەین هیچ میدیایەک بەناوی ئێمەوە قسە بکات”.

ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، باسی لە پێکهێنانی لێژنەیەکی دیکە کرد، بەمەبەستی دانوستان لەگەڵ ئەو لایەنانەی قەرزی حکوومەتیان لەلایە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، “چونکە ئەوانەیش پێویستیان بەجۆرێک ئاسانکاری هەیە، تا بتوانین ئەو پارەیان لێ وەربگرینەوە”.

زیاتر دەڵێ “بەداخەوە هەندێک لەو کەسانەی هەم زەوی و هەم قەرزیان وەرگرتووە، نە وەک خۆی وەبەرهێنانیان لە زەوییەکە کردووە و نە قەرزەکەش دەدەنەوە، بەڵام لەڕێگەی میدیاوە چەواشەکاری بڵاودەکەنەوە و بەتایبەتی دەیانەوێت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بدەن”.

هاوکات، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لەبارەی کێشەی میلاکی فەرمانبەرانیشەوە، ڕایگەیاند، “ئێمە چەند ساڵێکە هەماهەنگیمان لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەیە و لیستی میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لای ئەوان پەسند و ڕاستاندنی بۆ کراوە.”

ئاشکرای کرد، ئێستا لێژنەیەکی دیوانی چاودێرایی دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستانن بۆ مەبەستی وردبینکردن لە تەواوی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕی مووچەکانیان، “ڕاستە ماوەی ١٠ ساڵ دابڕان لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبووە و هەندێک سیستەمی ژمێریاری جیاواز هەیە، کە ئێمە کارمان پێکردووە و ئەوان کاریان بە سیستەمێکی دی کردووە، بەڵام ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی هەموو ئەو شتانە ڕێک بخەینەوە”، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی وای گوت.

زیاتر گوتی “ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم تا ڕادەیەکی زۆر لای بەغدا ڕوونە و ئەوەی ماوەتەوە ژمارەی خانەنشینان و ژمارەی سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتییە، بۆ ئەوەش هەموو داتاکان ئامادەن و دەیخەنە بەردەستیانەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...