هه‌واڵ

گوتەبێژی پارتی: لەسەر هەڵوێستی خۆمان پێداگیرین

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ حزبەکەیان باس کراوە بۆ ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات، بەڵام “ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێت ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکییانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە”.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، ١ی نیسانی ٢٠٢٤، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ هەڵوێستی حزبەکەی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، کە دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک خراوەتە بەردەم پارتییەوە، بەڵام پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و “هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات”.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

ێوارەی ئەمڕۆ لە دەزگایەكی میدیایی هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە پارتی داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ كاتێكی تر كردووە بۆ ئەوەی بە هەمان مەرج و ڕێوشوێن و یاساکانی ئێستا، بەشداری لە هەڵبژاردن بکات.

لێرەدا ڕایدەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات و بە پێویستی دەزانێ هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و ڕاست بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دەستووری بەڕێوە بچێت و سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەستکاری نەکرێن.

دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ پارتی باس کراوە بۆ ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات و لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێت ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکییانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە.

مەحموود محەمەد

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

١ـی نیسانی ٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button