هه‌واڵ

دەستەی مافی مرۆڤ: هەرچی زووە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت

زێدپرێس

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی جینۆسایدکردن و کۆمەكوژی ئێزدییان لە شنگال، پەیامێکی تایبەتی بڵاوکردەوە و لە سەرەتادا، پێشوازی لە بڕیارەکەی بەریتانیا دەکەن بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە ئێزدییان و پێداگیریش لەسەر بەزوویی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەنەوە.

 

دەقی پەیامەکە:

 

لە بەرانبەر بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لەلایەن دەوڵەتی بەریتانیاوە کە بەرانبەر ئێزیدییەکان لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ ئەنجام درا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پێشوازی لەو بڕیارە دەکات و بە هەنگاوێکی گەورەی مرۆیی و مێژوویی دەبینین بە ئاڕاستەی بەدادگاگەیاندنی سەرانی ئەو گرووپە و پاڵپشتەکانیان و گەیشتن بە دادپەروەری.

ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە کە تەنیا سێ ڕۆژ پێش ئەو بڕیارە واتە ٣ی ئاب، نۆ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو تاوانە گەورە و جینۆسایدکردنی سەدان هاووڵاتی کوردی ئێزیدی لە ژن و منداڵ و پیاو، کوشتنی سەدانی خەڵکی سڤیل، هەروەها  تێکدان و کاولکردنی ماڵ و شوێنە پیرۆزەکانی ئێزیدییەکان لەسەر دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا.

ئێمە لامان وایە ئەو بڕیارە دەبێتە مایەی دڵنەوایی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان و خۆشحاڵبوونیان بەو بڕیارە مێژووییەی بەریتانیای دۆستی گەلانی کوردستان.

هیوادارین ئەو بڕیارە ببێتە مایەی ئەوەی وڵاتانی تریش ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییە بە جینۆساید بناسێنن و ببێتە سەرەتایەک بۆ دادگاییکردنی هەموو ئەو کەسانەش کە ئەندامی ئەو گرووپه بوونە و گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان .

ئەوەی گرنگیشە لەو ڕۆژە و یادە مەرگەساتە، جەخت لەسەر پێویستی ئاوڕدانەوەی زیاتر دەکەینەوە بۆ شنگال و دەوروبەری و جێبەجێکردنی هەرچی زووە لە ڕێککەوتنی شنگال لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و حوکمی یاسا بۆ ئەو ناوچانە و گەڕانەوەی خەڵکەکە و ڕزگاربوونیان لە ئاوارەیی و هاوکاریکردنیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ماڵ و خانووەکانیان و قەرەبووکردنەوەی زەرەر و زیانەکانیان، کە ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر ئەستۆی حکوومەتی عێڕاق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان.

بە هیواین ئەو بڕیارە گرنگە لەو یادەدا ببێتە مایەی دڵنەوایی و کەمێک لەکەمکردنەوەی ئازاری خوشک و برایانی ئێزیدی و هەنگاوێکی تر بێت بە ئاڕاستەی گەڕانەوەی ئەو کچ و ژنە ڕفێنراوانەی تا ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپە تیرۆریستییەن و هەموو ڕۆژ لە چاوەڕوانی هەڵهاتنی خۆری ئازادین .

سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ قوربانیانی جینۆسایدی شنگال

نەفرەت لە بیری ڕەشی تیرۆر کە سنوری نییە بۆ مرۆڤەکان .

سوپاس و دەستخۆشی بۆ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان

٣ی ئابی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...