هه‌واڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات

زێدپرێس- محەمەد عەبدوڵا

 

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا سەردانی عێراق دەکات و بۆ چەند پرسێکی گرنگ لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

 

سەردانەکە دوای گفتوگۆیەکی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و عەلی ڕەزا گونەی باڵوێزی تورکیا لە عێراق، ڕۆژی ٣ی ئاب لە شاری بەغدا تاوتوێکراوە، ئەمەش بەگوێرەی بەیاننەمەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە لەهەمان ڕۆژدا بڵاوکراوەتەوە.

بەیاننامەکە ڕۆژی سەردانەکەی دیارینەکردووە، بەڵام دەڵێت لە دوای نیوەی ئەم مانگەوە ئەنجام دەدرێت و وەزیرەکەی تورکیا چاوی بە گەورە بەرپرسانی عێراق دەکەوێت.

فیدان، کە لەکابینەی پێشووتری تورکیادا سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری تورکی ناسراو بە میت بوو، شارەزاییەکی باشی لە دۆسیەی عێراقدا هەیە. پێدەچێت کۆبوونەوەکانی لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، کە ماوەیەکە لەسەر چەند پرسێك بەتایبەتی ئەو پرسانەی پەیوەندیان بە ئاسایش و نەوت و ئاوەوە هەیە، ساردی تێکەوتووە، بەرهەمدار بن.

تاکوو ئێستا دیارنییە ئاخۆ لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا ئەو وەزیرەی تورکیا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش دەکات یاخود نا، بەڵام ئێستا یەکێك لە مژارە هەرە گەرمەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن بەغداوە بۆ تورکیا.

عێراق و تورکیا یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە کەمتەرخەمی لە پڕۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە ڕۆژانە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل دەبێت.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی میدیایی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە دەگوترێت لە ژێر فشاری هێزەکانی نزیك لە ئێران ڕێگەی پێنادرێت لەگەڵ تورکیا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ڕێکبکەوێت، هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی لە نێوان بەغدا و هەولێر و ئەنکەرە داوە بۆ شەنوکەوکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، کە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ەوە ڕاگیراوە و زیانەکانی بۆ هەردوو وڵات ملیاران دۆلار بووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیار وابوو ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا بکات، بەڵام ماوەی دوو مانگە لێدوان لەسەر سەردانەکەی ئەردۆغان دەدرێت و تاکوو ئێستاش بەهۆکاری نادیار ئەنجامنەدراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...