هه‌واڵ

لە سلێمانی دەست بەسەر بڕێک دەرمانی نایاساییدا گیرا و لە زاخۆ دوو دەرمانخانە داخران

زێدپرێس

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بەسەرداگرتنی بڕێک دەرمانی ساختە لە دەرمانخانەکانی سلێمانی و داخستنی دوو دەرمانخانەیش لە زاخۆ ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ شەمە ٥ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند، لێژنەی چاودێریکردنی دەرمان لە شاری سلێمانی پشکنینی بۆ چەند دەرمانخانەیەک ئەنجامداوە، بە مەبەستی چاودێریکردن و ڕێگریکردن لە مامەڵەکردن بە دەرمانی قاچاخ و ڕێپێنەدراو،  هەروەها پابەندبوونیان بە مەرج و ڕێنماییەکانی وەزارەت.

لە ئەنجامی پشکنینەکە، لە بەشێک لە دەرمانخانەکان دەست بەسەر بڕێک لە دەرمانی بێسەرچاوەدا گیرا و سەرپێچیکار ڕووبەرووی سزای یاسایی کراوەتەوە. بەڵام ئاماژە بە جۆری سزاکە نەکراوە.

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان هۆشداریش بە دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان دەدا، کە خۆیان بە دوور بگرن لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگێڕ و دەرمانی قاچاخ بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند دەکرێنەوە.

هەر ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای کرد، لە درێژەی پشکنین و بەسەرکردنەوەکانی تیمی چاودێری بازاڕی بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستی، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای دەرمانسازان و قایمقامیەتی ناوچەکە، پشکنینیان بۆ چەند دەرمانخانەیەک  ئەنجام دراوە.

لە ئەنجامی پشکنینەکە دوو دەرمانخانە بە هۆکاری مامەڵەکردن و فرۆشتنی دەرمانی نایاسایی (قاچاخ) داخران و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ کراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...